Accessibility links

ئێران دەڵێت گفتوگۆکانی لەگەڵ ڕکابەرە هەرێمیەکەی عەرەبستانی سعودیە لە بەغدا دەستپێکردەوە


ئاژانسی نور نیوزی نیمچەفەرمی ئێران ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە، هێزە هەرێمیە ڕکابەرەکانی ئێران و عەرەبستانی سعودیە دوای ئەوەی لە مانگی سێدا کۆبوونەوەکانیان ڕاگرت، گفتوگۆکانیان لە پایتەختی عێراق دەستپێکردووە.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ لێدوانێک لەلایەن عەرەبستانی سعودیە و عێراق لە بارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانەوە نەدراوە.

نورنیوز، کە سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتەیە، گوتی"ئەم دیدارە ئەرێنییەی ئەم دواییە هیوای زۆری بۆ ئەو دوو وڵاتە دروستکردووە کە هەنگاوبنێن بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان"، بەڵام هیچ وادەیەکیان بۆ خولی پێنجەمی گفتوگۆکان دیاری نەکردوە.

پەیوەندیەکانی نێوان ڕیاز و تاران لە ساڵی 2016 تێکچوون، دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێران لە دوای لە سێدارەدانی مەلایەکی شیعە لە سعودیە، هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە پایتەختی ئێران.

ئێران لە مانگی سێدا گفتوگۆکانی ڕاگرت، بەبێ ئەوەی پاساوێک بۆ ئەو بڕیارە بهێنێتەوە، کە لە کاتی دەستپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆکاندا بوو، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە عەرەبستانی سعودیە 81 پیاوی لە سێدارە دا کە بە گەورەترین لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ لە دەیان ساڵدا هەژمار کرا. تاران سەرکۆنەی ئەو لە سێدارەدانانەی کرد کە چالاکوانان دەڵێن 41 موسڵمانی شیعەی تێدابوو.

عەرەبستانی سعودیە و ئێران ساڵانێکە پشتگیری لایەنە دژبەرەکانی شەڕی هەرێمایەتی و ململانێ سیاسییەکانی سوریا و لوبنان و عێراق دەکەن، سعودیەش سەرکردایەتی هاوپەیمانی عەرەبی دەکات کە لە ساڵی 2015ەوە لە دژی بزوتنەوەی حوسی سەر بە ئێران لە یەمەن دەجەنگێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG