Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا 9 کەس دەکوژرێن


ڕێکخراوێکی چاودێرێکی جەنگ ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی چوارشەممەی ئیسرائیل لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا 9 کەسی کوشت لە نێویاندا پێنج سەربازی سوریایی لە کوشندەترین هێرشی لەوجۆرەدا لەوەتای سەرەتای ساڵی 2022ەوە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند عەمبارێکی چەک و تەقەمەنی و چەند بنکەیەکی پەیوەندیدار بە لەشکری ئێران لە ناو سوریا بە ئامانج کراون.

میدیاکانی حکومەتی سوریا چوار لەو پێنج قوربانییەی هێرشەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر نەداوە.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی سوریا سانا لەزاری سەرچاوەیەکی لەشکرییەوە دەڵێت " ئیسرائیلی دوژمن لە بەرەبەیانیدا هێرشێکی ئاسمانی ئەنجام دا و چەند شوێنێکی نزیک دیمەشقی کردە ئامانج."

هەروەها دەشڵێت " لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە چوار سەرباز کوژراون و سێ کەسیش بریندار بوون و زیانی دارایش هەبووە."

بە پێی ئاژانسی سانا دواین هێرشی لەو جۆرە لە 14 مانگی چوار ئەنجام دراوە بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە پشت بە تۆڕێکی سەرچاوەکانی ناو سوریا دەبەستێت دەڵێت هەشت کەسیش لەو هێرشانەدا بریندار بوون.

ڕامی عەبدوڵڕەحمان سەرۆکی ڕوانگەکە دەڵێت چوار کەسەکەی کە کوژراون ئەندامی لەشکری سوریا نەبوون بەڵکو ئەندامی گروپێکی چەکداری سەر بە ئێران بوون.

پەیامنێرانی ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی لە پایتەختی سوریا ڕایانگەیاندووە گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی گەوەرە بووە.

لە ساڵی 2011ەوە کە شەڕ لە سوریا ڕوویداوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی لە ناو وڵاتەکەدا کردووە و پێگەکانی حکومەتیان کردووەتە ئامانج و هەروەها هێزە هاوپەیمانەکانی ئێران و گروپی چەکداری شیعەی حزبوڵایان کردووەتە ئامانج.



XS
SM
MD
LG