Accessibility links

میدیاکانی ئەمەریکا دەڵێن ئیڵان مەسک لە کڕینی تویتەر نزیکبۆتەوە


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە گفتوگۆکانی نێوان ملیاردێر ئیڵان مەسک و کۆمپانیای تویتەر لە راپۆرتێکدا نوسیوویەتی مەسک لە کڕینی تویتەر گۆڕینی بە کۆمپانیایەکی تایبەت نزیک بۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە تویتەر ئامادە بووە پێشنیارە 43 ملیار دۆلارییەکەی مەسک بۆ کڕینی ئەو کۆمپانیایە قەبووڵ بکات.

بەپێی سەرچاوەکان پێدەچێت نرخی هەر پشکێکی ئەو کۆمپانیایە دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری تویتەر بە 54 دۆلار و 20 سێنتی ئەمەریکا لەو مامەڵەیەدا ڕابگەیەنرێت، ئەوان گوتیشیان لەوانەیە وەک هەمیشەش لە کۆتا ساتەکاندا مامەڵەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.

سەرچاوەکان بەهۆی هەستیار بوونی بابەتەکەوە داوایان کردووە ناوەکانیان ئاشکرا نەکرێت و کۆمپانیای تویتەر و ئیڵان ماسکیش هێشتا هیچ کاردانەوەیکیان بەرامبەر بە هەواڵەکە نەبووە.

هاوکاتیش دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵەکان لەم بارەیەوە پشکەکانی تویتەر رۆژی دووشەممە %4.5 بەرزبوونەوە و هەر پشکێکی بە 51.15 فرۆشرا.

بە گوتەی ئیڵان ماسک، تویتەر بۆ ئەوەی گەشە بکات و ببێتە سەکۆیەک بۆ ئازادی ڕادەربڕین پێویستە وەک کۆمپانیاییەکی کەرتی تایبەت بێت.

ماسک دوو هەفتە پێش ئێستا زیاتر لە %9 پشکەکانی تویتەری کڕی و بوو بە گەورەترین خاوەن پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە، بەڵام ڕەتی کردەوە ببێتە ئەندام لە دەستەی بەڕێوبەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا.

ئیڵان ماسک کە خۆی وەک داکۆکیکارێکی ڕەهای ئازادی ڕادەربڕین ناودێر دەکات، لەو دواییانەدا ڕەخنەی لە تویتەر لە ڕووی پابەندنەبوونییەوە بە ئازادی ڕادەربڕین و بنبڕکردنی دیموکراسی گرتبوو.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG