Accessibility links

تورکیا دیپلۆماتکارێکی عێراق بانگهێشت دەکات چونکە عێراق ناڕازییە هێرشی بکرێتە سەر


وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دیپلۆماتکارێکی عێراقی لە وڵاتەکەی بانگکردووە بۆ گەیاندنی نیگەرانی وڵاتەکەی سەبارەت بە وتەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق دژی دواین هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باکوری عێراق.

فڕۆکەی جەنگی، هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشێک بوون لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و وشکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دژی مۆڵگە و حەشارگە و کۆگاکانی چەکی پەکەکە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا تورکیای بە "پێشێلکردنی" سەروەری خاکەکەی تۆمەتبار کرد و ڕۆژی سێشەممە باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگ کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی "توندی" لەو بارەیەوە پێدا.

عێراق داوای لە دراوسێکەی کرد هەموو هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

لە وەڵامدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە یاداشتێکی دیپلۆماسی بە نوێنەرێکی عێراق لە وڵاتەکەیدا و حکومەتی عێراقی بە هەڵبەستنی"تۆمەتی بێ بنەما" لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیەوە تۆمەتبارکرد.

ئەم کردەوە سەربازییە بەشێک بوو لەهەڵمەتێکی درێژخایەنی تورکیا لە عێراق و سوریا دژی چەکدارانی پەکەکە و هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە هەردووکیان لەلایەن ئەنقەرەوە بە گروپی تیرۆریستی دادەنرێن.

تورکیا زۆرجار هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات. پێگەی سەرەکی چەکدارەکانی پەکەکە دەکەوێتە چیاکانی قەندیلەوە.

پەکەکە لە ساڵی 1984دا دژی دەوڵەتی تورکیا چەکی هەڵگرتووە، زیاتر لە 40 هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژراون کە زۆربەیان کورد بوون. بۆ ماوەی دەیان ساڵ، تورکیا نکۆڵی لە بوونی کورد لە وڵاتەکە وەکو نەتەوەیەکی جیاواز کردووە. هێشتا خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە گشتییەکانی ئەو وڵاتە قەدەغەیە. پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادایە.

XS
SM
MD
LG