Accessibility links

بەریتانیا دەڵێت هەفتەی داهاتوو باڵیۆزخانەکەی لە ئۆکرانیا دەکاتەوە


سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بەریتانیا پلانی داناوە هەفتەی داهاتوو باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بکاتەوە و کار بۆ بەهێزترکردنی هاوپەیمانانی ئۆکرانیا دەکات.

حکومەتی بەریتانیا لە مانگی دوودا و چەند ڕۆژێک بەر لە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ستافی باڵیۆزخانەکەی لە کیڤ بەشێوەیەکی کاتی بۆ نوسینگەیەکی دیپلۆماسی بەریتانیا لە شاری لڤیڤ دەگوازێتەوە.

جۆنسن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "خۆڕاگری بێوێنە و سەرکەوتنی سەرۆکی(ئۆکرانیا) زیڵینسکی و گەلی ئۆکرانی لە بەرهەڵستیکردنی هێزەکانی ڕووسیا لە کیێڤ مانای ئەوەیە ئەمڕۆ دەتوانم ڕایبگەیەنم کە بەم نزیکانە، لە هەفتەی داهاتوودا، باڵیۆزخانەکەمان لە پایتەختی ئۆکرانیا دەکەینەوە."

هەروەها سەرۆکی بەریتانیا ڕاشیگەیاند کە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا هەڵەیەکی گەورەی کرد بەو داگیرکارییە ، بەڵام ئەگەری سەرکەوتنی ڕووسیا لە ئۆکراینا هێشتا شتێکی واقعییە.

لە سەردانێکی دوو ڕۆژیدا بۆ هیندستان بۆریس جۆنسن ڕایگەیاند "بەداخەوە، دۆخەکە لەم قۆناغەدا پێشبینی ناکرێت، بەڵام تەنها دەبێت لەو بارەیەوە واقیعی بین."

ڕووسیا هێرشەکەی بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" ناودێر دەکات بۆ داماڵینی چەک و "پاککردنەوەی لە نازییەکان". کیێڤ و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەمە بە پاساوێکی هەڵبەستراو دەزانن و تەنها بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی دوژمنکارانەی ناڕەوایە و ڕەتیدەکەنەوە.

جۆنسۆن ڕاشیگەیاند بەریتانیا بیر لەوە دەکاتەوە چی بکات بۆ بەهێزکردنی پێداویستییە سەربازیەکان لە وڵاتانی وەک پۆڵەندا بۆ ئەوەی بتوانێت چەکی قورس بۆ ئۆکرانیا بنێرێت.

گوتیشی: "ئێمە لە دەمەدەمی ئەوەداین زرێپۆش بنێرین بۆ پۆڵەندا بۆ یارمەتیدانیان، ئەوان هەندێک لە تانکەکانی خۆیان دەنێرن بۆ ئۆکرانیا کە لە جۆری تی-72"ە.

سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG