Accessibility links

شارەزایان: چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەکانی ئێف-35ی ئەمەریکا خەریکی بڵاوەپێکردنی فڕۆکەی جەنگی جەی-20 ە لە ئاسیا


شیکەرەوەکان دەڵێن چین فڕۆکە جەنگییە سەرەکیەکانی خۆی لەسەر دەریاکانی دەورووبەری جێگیر کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دەستێوەردانی سەربازی ئەمەریکا لە ئاسیا.

بەگوێرەی شارەزایان و ڕاپۆرتی میدیاییەکان لە ئاسیاوە فڕۆکەی جەنگی چەنگدو جەی-20ی( Chengdu J-20) کە بەرهەمی ناوخۆیی خودی چینە لە باشوری وڵاتەکە لە دەریاکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی چین، هەروەها دەوروبەری تایوان جێگیرکراون.

گریگۆری پۆلینگ، بەڕێوبەر لە سەنتەری واشنتن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی دەڵێت "وا دیارە، ئەمە بۆ بەرنگاری ئەمەریکایە لەسەر تایوان یان دەریای ڕۆژهەڵاتی چین."

حکومەتی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی هەندێ جار کەشتی جەنگی بەناو دەریا کێشە لەسەرەکانی ئاسیادا تێدەپەڕێنێت و لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا دوو دەستە لە فڕۆکە هەڵگرەکانی ڕەوانەی دەریای باشووری چین کردوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕادیۆی ئاسیای ئازاد، هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ئۆقیانووسی ئارام وەک ئوسترالیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور دەستیان داوەتە کڕینی ئێف-35 و لەوانەیە سینگاپوور و تایلەندیش بیکڕن.

شیکەرەوەکان دەڵێن پێشکەوتنەکانی ئەمەریکا هاندەر بووە بۆ ئەوەی چین فڕۆکە جەنگییەکانی جەی-20ی جێگیر بکات. بەرپرسانی چین واشنتن وەک زلهێزێکی ڕکابەر و دوژمنێکی پێشووی شەڕی سارد سەیر دەکەن کە دەیەوێت کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی چین لەسەر دەریاکانی دەورووبەری کەم بکاتەوە.

پەکین نزیکەی 90٪ ی 3.5 ملیۆن کیلۆمەتری دەریای باشووری چین بە مۆڵکی خۆی دەزانێت، داوایەک کە لەگەڵ بانگەشەکانی برۆنای، مالیزیا، فلیپین، ڤێتنام و تایواندا ناگۆنجێت.

چین و ژاپۆن لەسەر بەشێک لە دەریای ڕۆژهەڵاتی چین کێشەیان هەیە. ژاپۆن ، تایوان و فلیپین لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا هاوڕا و هاوپەیمانن.

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت دەریای باشووری چین دەبێت وەک ئاوەڕۆیەکی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە.

هوانگ کوی بۆ، پرۆفیسۆری یاریدەدەری دیپڵۆماسی لە زانکۆی نیشتمانی چنگچی لە تایپێ دەڵێت " چین دەریای باشوری چین بە هی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا پێموایە ئەمەریکا خوازیاری بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو دەریایە و چینیش ئەمەی ناوێت و من پێم وایە ئەوان بە جێگیرکردنی فڕۆکەکانیان لەو ناوچانەدا دەیانەوێت هێزی خۆیان بە یەکتر پیشان بدەن."

جەی باتۆنگ باکال، پرۆفیسۆری یاریدەر و بەڕێوەبەری پەیمانگای کاروباری دەریایی و یاسای دەریا لە زانکۆی فلیپین دەڵێت فڕۆکەکانی جەی-20 دەتوانن بە ئاسانی دەست لە گەشتە سەربازییەکانی وڵاتانی دیکەی ئاسیا وەربدەن.

جەی-20، بەشێک لە بەرنامەی فڕۆکەی سەربازییە کە لە ساڵانی 1990کان دەستی پێکرد و لەلایەن کۆمپانیای ئاسمانی چەنگدوو بۆ هێزی ئاسمانی چین پەرەی پێدرا. فڕۆکەی جەی-20 لە ڕووی تواناییەوە ڕکابەرایەتی فڕۆکەی ئێف-22 و ئێف-35 کە هەردوو فڕۆکەی جەنگی دروستکراوی ئەمەریکان دەکات.

پۆلینگ دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکان ئێف-35ەکان بە خێرایی بەرەو ئاسیا ڕەوانە دەکات و دەشڵێت سوپای ئەمەریکا و چین لە ڕووی هێزەوە زۆر لە یەکتر نزیکن.

XS
SM
MD
LG