Accessibility links

ئوسترالیا ڤیزا دەداتە هەزاران ئۆکرانی کە لە جەنگ هەڵاتوون


نزیکەی 6000 ئۆکرانی لە لایەن ئوسترالیاوە ڤیزای مرۆییان پێبەخشرا و ئەو وڵاتە ڕێگە بە پەنابەرانی ئۆکرانی دەدات بۆ ماوەی سێ ساڵ لەو وڵاتەدا مافی کارکردن و خوێندنیان هەبێت.

بۆ ئینا ئیڵینکۆ و کوڕە 8 ساڵانەکەی ئاندری لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیاوە هەڵاتن، سەرەتای گەشتێکی ئازاربەخش بۆیان تا بگەن بە شوێنێکی پارێزراو لە ئوسترالیا.

ئەو دەڵێت بۆ گەیشتن بە ئوسترالیا ناچاربوون سنوورێکی زۆر تێپەڕێنن و دەشڵێت "تێپەڕاندنی سنوور لە سلۆڤاکیا بۆ پۆڵەندا پاشان بۆ نەمسا و لەوێشەوە بۆ ئوسترالیا ئەو ڕێگایەیە ئێمە پێیدا هاتووین، ئێستاش لە ئوسترالیا هەست بە پارێزراویەکی زۆر دەکەم."

ئاندرو مینسینسکی لە ئەنجومەنی ئۆکرانی نیو ساوت وێڵز کە یارمەتی ڕێکخستنی ئاوارەکان دەدات، دەڵێت "ئەمە دووپاتبوونەوەی ئەو چیرۆکانەن کە هەموومان لە داپیرە و باپیرانمانەوە گوێمان لێبووە کە لە کاتی خۆیدا لە ساڵی 1945لە سوپای سوور هەڵهاتوون، ڕاستگۆیانە بڵێم ئەمانە چیرۆکی سەردەمی منداڵی ئێمەن."

بەڵام بڕیارەکەی ئوسترالیا بۆ پێدانی ڤیزای مرۆیی بە ئۆکرانییەکان لەلایەن داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت و دەڵێن ئەم کارە دۆخی نالەباری پەنابەرانی تری ئەو وڵاتە پشتگوێ دەخات، بەڵام حکومەت ئەو بانگەشەیە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت کە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە ئەولەویەت بەو چین و توێژانە دەدات کە دۆخەکەیان خراپتر و نالەبارترە، لەوانەیە زۆرترین زیانیان بەرکەوێت.

بەڵام ئیان ڕینتوڵ لە ئەنجومەنی هاوپەیمانی بۆ یارمەتی پەنابەران لێدوانەکانی حکومەتی پێ قەبووڵ نییە و دەڵێت "ئەمە زۆر باشە بۆ حکومەت کە یارمەتی ئۆکرانییەکان بدات، بەڵام ئەم کارەی حکومەت دڵسۆزییەکی جیاکارانەیە و جیاوازی دەکات." دەشڵیت "ئەو شەڕانەی ئەوروپا تێیدا بەشدارن، ئەو شەڕانەی ئوسترالیا تێوەیگلاوە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکی عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەفریکا، حکومەت بەرامبەر بە پەنابەری ئەو وڵاتانە هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی هەیە و ئوسترالیا پەرژینی بە چواردەوری ئەو پەنابەرانەی بێ هیوان و پێویستیان بە یارمەتییە کێشاوە و جیای کردونەتەوە."

حکومەتی ئوسترالیا دەڵێت پێشوازی زۆرتر لە ئاوارە ئۆکرانییەکان دەکات کە لەشەڕی ئەو وڵاتە هەڵاتوون و دەشڵێت سزای فراوانتری بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

سکۆت مۆریسۆن سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا سەرکۆنەی "داگیرکاری دڕندانە و نایاسایی و ناڕەوای ڕووسیا" ی بۆ سەر ئۆکرانیا کرد، حکومەتەکەی موشەک و زرێپۆش و یارمەتی مرۆیی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG