Accessibility links

فەرماندەیەکی ‌هێزەکانی ئۆکرانیا: ڕەنگە خۆڕاگری سەربازەکانمان لە شاری گەمارۆدراوی ماریوپول زۆر نەخایەنێت


فەرماندەیەکی هێزەکانی دەریایی ئۆکرانیا لە شاری گەمارۆدراوی ماریوپول گوتی لەوانەیە سەربازەکانی بتوانن تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکی زیاتر خۆیان ڕابگرن، لەم دەمەی ئۆکرانیا هەوڵی داوە ڕۆژی چوارشەممە شەش هەزار ژن و منداڵ و بەساڵاچوو لە شارەکە دەربکات.

سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆل ڤادیم بۆیچنکۆ داوای لە خەڵکی مەدەنی کرد لە شارەکە دەربچن و گوتی 90 پاس چاوەرێی ڕۆیشتنیان دەکات تا ئەو شارە وێرانە بەجێبهێڵن، بە پێی ڕێکەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ ڕووسیا، کە یەکەم ڕێکەوتنە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لەسەر دامەزراندنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ هێنانە دەرەوەی خەڵکی سیڤیل لە شارەکەدا.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، سێریحی ڤۆلینا، فەرماندەی لیوای 36ی هێزی دەریایی ئۆکرانیا کە تا ئێستا لە ماریوپۆل شەڕ دەکات، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد یارمەتی گواستنەوەی چەکدارە بریندارەکانی ئۆکرانی و خێزانەکانیان بدەن.

ناوبراو گوتی "ئەمە داواکاری ئێمەیە بۆ جیهان. لەوانەیە ئێمە تەنها چەند ڕۆژیک یان کاتژمێرێکمان مابێت" گوتیشی، "یەکەکانی دوژمن دەیان جار لە ئێمە زیاترن، لە هێرشی ئاسمانی، تۆپخانە، هێزی زەمینی، لە کەلوپەل و تانکدا، لە ئێمە بەهێزترن."

دوایین چەکدارەکانی ئۆکرانی لە کارگەیەکی پۆڵاین لە ماریوپۆل خۆیان حەشارداوە، ڕووسیاش دوا مۆڵەتی بۆ خۆبەدەستەوەدان ڕۆژی چوارشەممە بۆ دیاریکردبوون.

سەرۆکی شارەوانی بۆیچێنکۆ کە ماریوپۆلی جێهێشتووە دەڵێت نزیکەی 100 هەزار هاووڵاتی لە شارەکەدا ماونەتەوە لەو شارەی کە لەسەر دەریای ئەزۆڤە و لەو کاتەوەی کە ڕووسیا لە 24ی مانگی دوودا ئۆکرانیای داگیرکردووە دەیان هەزار کەسی لێکوژراوە.

XS
SM
MD
LG