Accessibility links

سەرۆک بایدن و هاوپەیمانەکانی سەبارەت بە دوایین هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کۆبوونەوە


کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند سەرۆک جۆو بایدن ڕاوێژی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکادا کردووە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، لە کاتێکدا مۆسکۆ هێرشێکی سەرتاسەری بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستپێکردووە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئامانج لە کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە "گفتوگۆ لەسەر پشتیوانییە بەردەوامەکانمان بکەین بۆ ئۆکرانیا و هەوڵەکان یەکبخەین بۆ ئەوەی ڕووسیا بەرپرسیار بکەین وەک بەشێک لە هەماهەنگییەکانمان پێکەوە."

ڕووسیا یەکەم شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای داگیرکرد، وەک بەشێک لە هێرشێکی نوێی سەرتاسەری کە لەلایەن ئۆکرانیاوە بە شەڕی دۆنباس ناودێر کراوە، بە ئامانجی داگیرکردنی هەردوو هەرێمەکە.

بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕووسیا وەک "پێشەکی" بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەرانەی گەورەتر و پێشبینیکراو لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای دراوسێی خۆی هەنگاو دەنێت.

کۆبوونەوە ڤیدیۆییەکەی بایدن کاتژمێر 9:57 ی سەرلەبەیانی بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دەستیپێکرد و کاتژمێر 11:21 کۆتایی هات، بایدن لە ژووری ڕووبەڕووبونەوەی بارۆدۆخەکانەوە لە کۆشکی سپیەوە قسەی دەکرد.

لە نێو ئەو پەیوەندییانەدا جەستن ترۆدۆی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئورسولا ڤۆن دێر لیین، سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا ئۆلاف شولز، سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتنبێرگ و سەرۆکی پۆڵەندا و ژاپۆن و ئیتالیا ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە سەرۆک جۆو بایدن و سەرکردە هاوپەیمانەکان ڕۆژی سێشەممە گفتوگۆیان لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی ئۆکرانیا کردووە لەوانە پێویستی یارمەتی ئابووری و مرۆیی.

ساکی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە بایدن بۆ گەشتێکی یەک ڕۆژە بۆ نیو هامشەیر ڕۆشتووە، هاوکات بایدن و هاوپەیمانەکانی باسیان لە هەوڵەکانیان کردووە بۆ ئەوەی ڕووسیا بەرپرسیار بکەن بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG