Accessibility links

کۆشکی سپی تاقیکردنەوەی موشەکی دژە سەتەلایت قەدەغە دەکات


بەڕێوبەرایەتی بایدن دەڵێت ڕێگری لە تاقیکردنەوەی موشەکی دژە سەتەلایت لەلایەن ئەمەریکاوە دەکات، هەنگاوێک کە بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن بە مەبەستی دامەزراندنی نەریتێکی نوێ بۆ کرداری سەربازی لە واڵایی ئاسماندا گیراوەتەبەر.

ئەمەریکا بە توندی ڕەخنەی لە ڕووسیا و چین گرت سەبارەت بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی موشەکی دژە سەتەلایت.

پرسەکە دوای ئەوەی ڕووسیا لە مانگی یازدەدا موشەکێکی بۆ لەناوبردنی سەتەلایتێکی لە ناوچووی سەردەمی سۆڤیەت هەڵدا، بوو بە جێگای بایەخی دەسەڵاتداران.

پاش هەڵدانەکەی ڕووسیا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هەنگاوەکەی ڕووسیای بە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیە کە دەڵێت لە هەوڵی چەککردنی واڵایی ئاسماندا نییە، گوتیشی رووسیا ئامادەیە بە ڕەفتاری نابەرپرسانە مەترسی بخاتە سەر بەردەوامی بەکارهێنەرانی واڵایی ئاسمان.

هەروەها فەرماندەیی واڵایی ئەمەریکا لە لێدوانێکی هاوشێوەدا ڕایگەیاندبوو پاشماوەکان بۆ چەندین ساڵ و تەنانەت بۆ دەیان ساڵ لەخولگەدا دەمێننەوە و لەوانەیە مەترسییەکی بەرچاویان هەبێت لەسەر دەستەی وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی و چالاکییەکانی تر لە واڵایی ئاسمان و هەروەها بۆ سەر سەتەلایتی وڵاتانی دیکەش.

بەپێی لێدوانی فەرماندەی واڵایی ئەمەریکا، هەڵدانی مووشەکەکەی ڕووسیا زیاتر لە 1500 پارچەی پاشماوەی لە واڵایی ئاسماندا دروست کردووە کە ئەمەش مەترسییەکانی بۆ ئاسمانەوانانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی و وێستگەی واڵایی ئاسمانی تیانگۆنگی چین زیاد کردووە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامێڵا هێرێس ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکیدا لە بنکەی هێزی ئاسمانی ڤاندنبێرگ لە کەناری ناوەندی کالیفۆرنیا ڕەخنەی لە کارەکەی ڕووسیا گرت و بە "بێباک" و "نابەرپرسانە" ناودێری کرد.

هێرێس گوتی" بە زمانێکی سادە بڵێم ئەم تاقیکردنەوەیانە مەترسیدارن و ئێمە ئەنجامیان نادەین."

هەڵدانەکەی ڕووسیا لە کاتێکدا ئەنجامدران کە ئەو وڵاتە خەریکی ڕێکخستنی هێزەکانی بوو بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، جەنگێک کە تێیدا تاکو ئێستا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.

تاقیکردنەوەیەکی هاوشێوە لە ساڵی 2007 دا لە لایەن چینەوە ئەنجامدرا کە ئەویش هەروەها پاشماوەیەکی زۆری لە واڵایی ئاسماندا دروستکرد.

هێرێس جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پاشماوانەی بەهۆی تاقیکردنەوە مووشەکیەکانەوە دروستکراون نەک تەنها هەڕەشەیە بۆسەر ئاسمانەوانان و بەرژەوەندییە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بەڵکو هەڕەشەیەکیشە بۆ سەر سەتەلایتەکانی بازرگانی کە جیهان بۆ پێشبینی کەش و هەوا، سیستەمی جی پی ئێس، پەخشی تەلەفیزیۆن و ژێرخانە گرنگەکانی دیکە پشتی پێ دەبەستێت.

ئەمەریکا یەکەم وڵاتە کە قەدەغەی لەو شێوەیەی ڕاگەیاندووە، هێرێس گوتی هیوا دەخوازە وڵاتانی دیکەش بەخێرایی ئەو کارە بکەن.

سەرچاوە:AP

XS
SM
MD
LG