ئەو بەڵگەنامانەی کە ڕۆژی سێشەممە لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئەوە دەردەخەن کە پریتی پاتێل وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە سەرنج و نیگەرانییەکانی بەرپرسانی بەریتانیا سەبارەت بە پلانی ناردنی هەزاران پەناخواز بۆ ڕواندا ڕەتکردوەتەوە.
پلانەکە کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسۆنەوە ئاشکرا کرا، بە مەبەستی دروستکردنی بەربەستێکە لە بەردەم ئەو کۆچبەرانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ڕێگای بەلەمەکانەوە لە فەرەنساوە دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.
بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەریتانیا لە گۆڕینەوەی نامەیەکدا لەگەڵ پاتێل دەڵێت دڵنیا نییە لە بەهای پلانەکە بۆ ئەو کەسانەی کە لە وڵاتەکەدا باج دەدەن.
حکومەت ڕایگەیاندوە کە 156 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ پلانەکە.
مەتیو ڕیکرافت بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەریتانیا گوتی "من باوەڕ ناکەم بەڵگەی پێویستمان هەبێت سەبارەت بەوەی کە پلانەکە کاریگەریەکی گرنگی دەبێت."
پاتێل لە وەڵامدا ڕایگەیاندووە لە نیگەرانییەکان لەو بارەیەوە تێدەگات و گوتویەتی بەڵام من پێم وایە ئەگەر هەنگاو بۆ داخستن و وەستاندنی پەڕینەوەکان هەڵنەگرن، ئەوا پەڕینەوەی کۆچبەران هەم تێچووی مادی دەبێت بۆ بەریتانیا و هەمیش دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەوانەی کە بە شێوەی نایاسایی دەپەڕنەوە بۆ ئەو وڵاتە.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆرس جۆنسن چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند وڵاتەکەی لەوانەیە دەیان هەزار پەنابەر بنێرێتە ڕواندا بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بکرێن.
جۆنسن لە لێدوانێکیدا لە نزیک دۆڤەر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گوتی " لەمڕۆ بەدواوە هەر کەسێک بە شێوەی نایاسایی بێتە ناو بەریتانیا و هەروەها ئەوانەش لە 1ی مانگی1دا بە نایاسایی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، ڕەنگە بگوازرێنەوە بۆ ڕواندا.
پلانەکەی ڕواندا بە خێرایی بووە هۆی نیگەرانی سیاسەتمەدارانی بەرهەڵستکاری سەرۆک وەزیران و جۆنسنیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵ دەدات سەرنجی میدیاکان لەسەر پرسی پێشێلکردنی کۆت و بەندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێگای ورووژاندنی ئەم بابەتەوە لابدات.
هاوکات گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ پرۆژەکە سەرکۆنە دەکەن و بە کارێکی "نامرۆڤانە" ناودێری دەکەن.
یەکێک لە وەزیرانی حکومەتی بۆرس جۆنسن ڕایگەیاند بوو کە سەرنجی پلانەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر پیاوە گەنجەکانە کە هاوسەر و منداڵیان نییە و بە هۆکاری ئابووری ڕوویان لەو وڵاتە کردووە.
لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 28 هەزار کەس لە فەرەنساوە بە بەلەمی بچووک و بە ڕێگای کەناڵی مانش خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا کە نزیکەی لە سەدا 90ی پیاو بوون کە سێ چارەکیان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 39 ساڵ بووە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز