Accessibility links

هەوڵەکانی بەریتانیا بۆ گواستنەوەی ژمارەیەک لە پەنابەرە نایاساییەکان بۆ ڕواندا 


سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسۆن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەی لەوانەیە دەیان هەزار پەنابەر بنێرێتە ڕواندا بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بکرێن.

جۆنسن لە لێدوانێکیدا لە نزیک دۆڤەر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی گوتی " لەمڕۆ بەدواوە هەر کەسێک بە شێوەی نایاسایی بێتە ناو بەریتانیا و هەروەها ئەوانەش لە 1ی مانگی1دا بە نایاسایی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، ڕەنگە بگوازرێنەوە بۆ ڕواندا.

جۆنسۆن گوتی "ڕواندا توانای ئەوەی دەبێت کە دەیان هەزار کەس لە چەند ساڵی داهاتوودا نیشتەجێ بکات."

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا پێشینەی خراپی مافەکانی مرۆڤی نییە، گوتی "ڕواندا یەکێک لە پارێزراوترین وڵاتانی جیهانە، کە بە پێشوازیکردن و نیشتەجێکردنی کۆچبەران دەناسرێتەوە."

پلانەکەی ڕواندا بە خێرایی بوو بە هۆی تووڕەبوونی سیاسەتمەدارانی بەرهەڵستکاری سەرۆک وەزیران و جۆنسۆنیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵ دەدات سەرنجی میدیاکان لەسەر پرسی پێشێلکردنی کۆت و بەندەکانی ڤایرۆسی کرۆنا لە ڕێگای ورووژاندنی ئەم باتەتەوە لابدات.

هاوکات گرووپەکانی مافی مرۆڤ پرۆژەکە سەرکۆنە دەکەن و بە کارێکی "نامرۆڤانە" ناودێری دەکەن.

غانا و ڕواندا پێشتر وەک شوێنی گونجاوی بەریتانیا بۆ نیشتەجێکردنی ئەو پەنابەرانەی بە شێوەی نایاسایی گەیشتونەتە بەریتانیا دیاریکرابوو، بەڵام غانا لە مانگی1دا ڕەتی کردەوە کە پەیوەندی بەو پڕۆژەیەوە هەبێت.

بەرپرسانی کیگالی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە میانەی سەردانێکی پریتی پاتێلی وەزیری نێوخۆی بەریتانیا ڕێکەوتنێکی چەند ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە واژۆ کردووە.

هەروەها گوتەبێژێکی حکومەتی ڕواندا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە کە کۆچبەران بە شێوەیەکی کاتی لە میوانخانە و هۆتێلەکانی کیگالی، پایتەختی ئەو وڵاتە شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت تا ئەو کاتەی پڕۆسەی پەنابەرییان جێبەجێ دەکرێت و گوتیشی "کاتێک سەلمێنرا کە قسەکانیان ڕاستە، ئەوا تێکەڵ دەبن بە کۆمەڵگەی ڕواندا."

یەکێک لە وەزیرانی حکومەتی بۆریس جۆنسۆن دەڵێت کە سەرنجی پلانەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر پیاوە گەنجەکانە کە هاوسەر و منداڵیان نییە و بە هۆکاری ئابووری ڕوویان لەو وڵاتە کردوە.

لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 28 هەزار کەس لە فەرەنساوە بە بەلەمی بچووک و بە ڕێگای کەناڵی مانش گەیشتنە بەریتانیا کە نزیکەی لە سەدا 90ی پیاو بوون کە سێ چارەکیان تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 39 ساڵ بووە.

XS
SM
MD
LG