Accessibility links

زانیاری لەسەر هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێم


هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕوو بوونەوەی نێوانیان لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە، هێندەی تر دۆخی عێراقی ئاڵۆز کرد و ناکۆکی نێوان لایەنەکانی قوڵتر کردەوە.

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، تەنها ئاڵۆزی لەنێوان ئەو دوو هێزە لێنەکەوتووەتەوە، بەڵکو یەکتری تۆمەتبارکردنی لە نێوان بەشێک لە هێزە عێراقیەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەک، هەروەها تۆمەتبارکردنی پارتیشی لەلایەن پەکەکەوە لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا پارتی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

دەستپێکردنی هێرشەکان

چاوەڕوانی فراوانبوونی هێرشەکانی تورکیا لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەکرێت، ڕاگەیاندنی پەکەکەش باس لە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی تورکیا لەدەستپێکی هێرشەکاندا دەکات، لەکاتێکدا تورکیاش جەخت لە بەئامانج کردنی بنکەو بارەگاکانی پەکەکە دەکاتەوە و پەکەکەش بۆمب بارانەکان بە "هەڕەمەکی" وەسفدەکات.

پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری ئەو وڵاتەدا کۆبوویەوە، ئەمەش وایکرد پەکەکە بەرپرسانی هەرێم و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستهەبوون لە لەشکرکێشیەکانی تورکیا تۆمەتبار بکات.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ڕۆژی سێشەممە، هاوسەرۆکانی دەستەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان-کەجەکە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت"هەموو جارێک، کە بەرپرسانی پارتی دەچنە تورکیا، تورکیا دەست بە هێرش دەکات، بۆیە ڕێکەوت نییە، کە دوای کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان و ڕاوێژکاری میت، دەوڵەتی تورکیا دەست بەهێرش دەکات، ئاکەپە-مەهەپە بە پشتیوانی پارتی دەیەوێت تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد لەناو ببات."

بەڵام بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتەکانی پەکەکە ڕەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوەدەکەن، هەرێمی کوردستان دەستی لەو شەڕەدا نیە و ناشبێتە بەشێک لێی، پەکەکەش تۆمەتباردەکەن بەوەی بیانووی داوەتە دەست تورکیا و شەڕەکەی بۆ ناوخاکی هەرێم گواستووەتەوە.

ڕێبوار بابکەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت "لەسەردانەکەی سەرۆکی حکومەتدا بۆ تورکیا، بەهیچ جۆرێک باسی پەکەکە نەکراوە، بەڵکو باسی بازرگانی و پەیوەندی نێوان هەردوولا و وزە کراوە."

جەختیشیکردەوە"ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، تورکیا و پەکەکە بە گفتووگۆ کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن، گەر بڕیاری شەڕیشیانداوە، شەڕی نێوانیان بگوێزنەوە بۆ سەر خاکی خۆیان، خاکی کوردستان شوێنی شەڕی ئەوان نیە."

یەکتری تۆمەتبارکردنی پارتی و پەکەکە مەترسی فراوانبوونەوەی شەڕی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی لێکەوتووەتەوە، بەوەی شەڕەکە درێژ ببێتەوە و ئاڵۆزی نێوان پارتی و پەکەکەشی لێبکەوێتەوە.

ئامانجی هێرشی ئەمجارەی تورکیا

هەرچەندە بیانووی تورکیا بۆ هێرشی سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان چەکدارانی پەکەکەیە، بەڵام هێرشەکان گومانی لای بەرپرسانی عێراق و زۆرێک لە هێز و لایەنەکانی تریش دروستکردووە، بەوەی پەکەکە تەنها بیانوو بێت، بەڵکو ئامانجی گەورەتر لە پشت هێرشەکانەوە هەبن.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە عێراقیانەی دەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ کردوون، ئەوان گومانیان هەیە هێرشی ئەمجارەی تورکیا تا قوڵایی ناو خاکی هەرێم و سنوری پارێزگای موسڵیش درێژەی هەبێت، گەر تورکیا بۆی بچێتە سەر.

ئامانجی لەشکرکێشی تورکیا ڕۆڵ بەهێزکردنە لە عێراق، بەتایبەت چاوەڕوانی چڕبوونەوەی فشاری ئێران و هێزە شیعەکان بۆ سەر هەولێر دەکرێت بۆ سەر کەرتی نەوت و غاز، لەئەگەری شکستهێنانی ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە، بۆیە تورکیا کە لەڕووی ئابووریەوە بەرژەوەندی لە وزەی هەرێمدا هەیە، دەیەوێت بەر بەو فشارانە بگرێت، ئەمەش بەڕای بەرپرسانی عێراق.

کەریم محەمەداوی سەرکردەی دیاری ڕێکخراوی بەدری شیعی ڕایگەیاندووە"لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم، بەهۆی قۆستنەوەی ناکۆکی نێوان لایەنە عێراقیەکانە لەسەر پێکهێنانی حکومەت."

جەختیشیکردووەتەوە"پارتی ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی سوپای تورکیا لەڕووبەرێکی فراوانی خاکی عێراق دەستوەردانی سەربازی ئەنجام بدات."

بەڵام ڕێبوار بابکەیی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی پێیوایە خەڵکی هەرێم و ئابووریەکەی زەرەرمەندی یەکەمن لەشەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، وتی"پارتی نەدەستی هەبووە و نە دەستیشی دەبێت لەهەڵگیرسانی ئەم شەڕە، ئەم شەڕە خۆی هەڵگیرساوە و هۆکاری ناکۆکی نێوان دوو هێزی دژ بەیەکە،چەندین جار حکومەتی هەرێم ڕێنمایی پەکەکەی کردووە خاکی هەرێم نەکاتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵام پەکەکە نەک گوێی نەگرتووە، بەڵکو زەرەری بە ئابووری هەرێمیش گەیاندووە و بۆری نەوتی تەقاندووەتەوە."

بابکەیی گوتیشی"هەندێک هێز نایانەوێت عێراق و هەرێم سەقامگیر بێت، چونکە پاڵپشتی هەندێک هێز دەکەن کە ڕووخسەتی یاساییان لە عێراق نیە، دەیانەوێت لە شەنگالەوە وەکو کارتێک بەرامبەر هەرێم و تەنانەت تورکیاش بەکاریان بهێنن."

هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزی نێوان هێزەکانی تورکیا و پەکەکە، دوێنێ دووشەممە، ئاڵۆزی لە نێوان هێزە عێراقیەکان و هێزە نزیکەکان لە پەکەکەش لە ناوچەی شەنگال دروستبوو، هێزە عێراقیەکانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:20 0:00

XS
SM
MD
LG