Accessibility links

ڕاگەیاندنی تورکیا و پەکەکە لە بارەی شەڕەکانەوە


تورکیا ڕایگەیاند لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکانی مەتین و زاپ و ئاڤشین 19 ئەندامی پەکەکەیان کوشتووە. هاوکات پەکەکە لای خۆیەوە ڕایگەیاند 28 سەربازی تورکیان کوشتووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا کە لەسەر تویتەرەکەی بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی" ئامانجەکانی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی PENÇE-KİLİT ی دژی تێرۆرستان لە باکوری عێراق سەرکەوتوو بووە و شوێنەکانی پەکەکەیان لەو ناوچانە وێرانکردووە و ئێستا کێوماڵی ناوچەکان دەکەن."

دەشڵێت 19 ئەندامی پەکەکەیان کوشتووە، وە لە بەرامبەردا 4 سەربازی تورک برینداربوون.

پەکەکە لای خۆیەوە و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێت لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو تورکیا 147 جار بە فڕۆکە شوێنەکانی بۆردومانکردووە. دەشڵێت هەتا ئێستا 28 سەربازی تورک کوژراون و 9 ی دیکە برینداربوون و زیانیشیان بە 2 هەلیکۆپتەر گەیاندووە. بەڵام ڕاگەیاندنەکە هیچ باسی لە زیانەکانی پەکەکە نەکرد.

پێشتر خلوسی ئاکار ، وەزیری بەرگری تورکیا وتی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بنکەکانی پەکەکەیان کردە ئامانج بەر لەوەی بە پشتیوانی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی زەمینی دەستپێبکەن. ئاکار وتیشی فڕۆکە جەنگییەکان سەرکەوتووانە بنەکەکان، پەناگە و عەمبارەکانی چەک و تەقەمەنی پەکەکەیان پێکاوە.

سەلام باڵایی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە دهۆک ڕاپۆرتی سەبارەت بە شەڕەکان ناردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:22 0:00

XS
SM
MD
LG