حکومەتی سەربازی میانمار لە لێبوردنێکی گشتیدا بە بۆنەی ساڵی نوێی ئەو وڵاتەوە 1600 زیندانی ئازادکرد، و کەسوکاری سەدان بەندکراو ڕۆژی یەکشەممە لە دەرەوەی زیندانی ئینسینی بە هیوای ئازادکردنی ئەندامانی خێزانەکانیان کۆبوونەوە.
ئازادکردنی ئەو ژمارەیە لە بەندکراوان بەشێکی ئەو 23 هەزار کەسەن کە لە ساڵی ڕابردوودا دەستگیر کرابوون. هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەو ژمارەیە ئەندامانی حکومەتی مەدەنی کە لە کودتای مانگی2ی ساڵی 2021 دا هەڵوەشایەوە دەگرێتەوە یان نا.
پەیامنێرێکی ناوخۆیی بە دەزگای ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە تا ئێستا هیچ خۆپیشاندەرێکی سیاسی لە زیندانی ئینسین ئازاد نەکراوە.
ژەنەڕاڵ ئانگ لین دیو، سکرتێری دەوڵەتی سەربازی میانمارلە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند 1619 بەندکراو کە 42 بەندکراوی بیانیشی تێدایە بە بۆنەی ساڵی نوێی ئەو وڵاتەوە ئازاد دەکرێن.
بە گوێرەی کۆمەڵەی هاوکاری چالاکوانانی زیندانیانی سیاسی (AAPP) سوپا لە دوای کودەتاکە بەلایەنی کەمەوە 13282 کەسی دەستگیرکردووە و هەزار و 756 کەسیشی کوشتووە.
سەرۆکی حکومەتی لە کارلابراو، ئانگ سان سوو کی براوەی خەڵاتی نۆبێل و ڕاوێژکارە ئابوورییەکەی کە خەڵکی ئوسترالیایە بەشێکن لە بەندکراوانی حکومەتی سەربازی میانمار.
پەیامنێرێکی ناوخۆیی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت گوتی ڕۆژی یەکشەممە خێزانەکان بە نیگەرانییەکئ زۆرەوە لەبەردەم زیندانەکەدا کۆبوونەتەوە لە چاوەڕوانی ئازادکردنی ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا.
دایکی خۆپیشاندەرێکی تەمەن 22 ساڵ کە هەشت مانگ لەمەوبەر دەستگیرکرابوو بە پەیامنێرەکەی ڕاگەیاند پاش ئەوەی کوڕەکەی بۆی نوسیوە کە لەوانەیە لە مانگی 4 ئازاد بکرێت و بخرێتە بەر لێبوردنی گشتی، بۆیە لە دەرەوەی زیندانی ئینسین چاوەڕێی دەکات بزانێت کوڕەکەی ئازاد دەکرێت یان نا.