Accessibility links

گیان لەدەستدانی ژنێکی دووگیان لە سێنیگال دەبێتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ئەو وڵاتە


گیان لەدەستدانی ژنێکی دووگیان لە نەخۆشخانەیەکی سێنیگال لە دوای ئەوەی داواکەی بۆ لە دایکبوونی منداڵەکەی لە ڕێگای نەشتەرگەرییەوە ڕەتکرایەوە، بوو بە هۆی تووڕەیی خەڵکی ڕۆژئاوای ئافریکا و هەر بۆیەش سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات.

ڕۆژنامەکانی نێوخۆ دەڵێن ئەستو سۆخنا کە سکی نۆ مانگە بووە، لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگەدا لە نەخۆشخانەیەکی گشتی لە باکوری شاری لوگا دوای ئەوەی بە بەردەوامی لە پزیشکەکانی دەپاڕایەوە نەشتەرگەری بۆ بکەن، گیانی لەدەستداوە.

ڕۆژنامەکان دەڵێن نەخۆشخانەکە داواکەی سۆخنای بە بیانووی ئەوەی کە ناوبراو پێشوەخت سەرەی لە بەشی نەشتەرگەری منداڵبوون بۆ نەگیراوە، ڕەتکردووەتەوە و پێیا گووتوە ئەگەر سوور بێت لەسەر داواکردن بۆ نەشتەرگەری ئەوا لە نەخۆشخانەکە دەریدەکەن.

سۆخنا و منداڵەکەی هەردووکیان دوای 20کاتژمێر چاوەڕوانکردن گیان لەدەستدەدەن و ئەمەش دەبێتە تووڕەیییەکی زۆری خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سێنیگالدا.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم دۆسییە ڕەوشی خراپ و نالەباری سیستەمی تەندروستی ئەو وڵاتە دەردەخات.

لە ڕووداوێکی هاوشێوەیەکی دیکەدا لە مانگی4 ی ساڵی ڕابردوو، چوار منداڵی تازە لە دایکبوو لە نەخۆشخانەیەک لە شارۆچکەی لینگوری نزیک لوگا گیانیان لەدەستداوە.

مەکی ساڵ، سەرۆکی سێنیگال ڕۆژی دووشەممە گوتی کە داوای لێکۆڵینەوەی بۆ دۆسییەکە کردووە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند" هیچ شکست و دۆڕانێک جێگای قەبووڵ کردن نییە."

ئامادو گیوی دیۆف بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لوگا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە "دەستی کردووە بە ڕێکارێکی ئیداری بۆ ڕوونکردنەوەی لە ئاڵۆزییەکان ئەم کەیسە."

بەپێی راپۆرتە ڕۆژنامەوانییە نێوخۆییەکان، هاوسەری ئەستۆ سۆخنا سکاڵای یاسایی دژی نەخۆشخانەکە تۆمارکردووە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG