Accessibility links

پەرلەمانی پاکستان شەهباز شەریف وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە هەڵدەبژێرێت


پەرلەمانی پاکستان ڕۆژی دووشەممە شەهباز شەریف، سەرۆکی حیزبی موسلیم لیگی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی پاکستان دەستنیشان کرد، ئەمەش دوابەدوای لابردنی ئیمران خان لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.

شەهباز شەریفی تەمەن 70 ساڵ بە دەنگی بەڵێی 174 نوێنەر، بوو بە 23هەمین سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.

شەریف لە بەردەم نوێنەرانی پەرلەماندا گوتی "ئەمە سەرکەوتنی دادپەروەری و ڕاستیە بەرامبەر بە شەڕ و خراپە."

شەریف سیاسەتمەدارێکی دەوڵەمەندە و خاوەنی چەندین موڵکی گرانبەهایە لە بەریتانیا و ئیمارات و برای بچووکی نەواز شەریفە کە سێ خول سەرۆک وەزیرانی پاکستان بووە.

نواز شەریفی برای لە ساڵی 2017 لە کار لادرا و دواتر دوای ئاشکرابوونی بەڵگەکانی پاناما بە تۆمەتی گەندەڵی سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی لەلایەن دادگایەکی لێپرسینەوەوە بەسەریدا سەپێندرا، بەڵام دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ئازاد کرا.

شەهباز شەریفیش هەروەها ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵییە و ساڵی 2020 بۆ ماوەی 6 مانگ بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرکرا و دواتر بە کەفاڵەت ئازاد کراو و تاکو ئێستاش دۆسییەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە.

شەهباز شەریف پێشتر سێ جار وەزیری باڵای ویلایەتی پەنجاب بووە و خێزانەکەی لەو ویلایەتەدا پێگەیەکی جەماوەری و کاریگەریان هەیە.

شەریف کە بە بەڵێنی دەستپێکێکی نوێ لە پاکستان دەستی بە کارەکەی کردووە، دەوترێت پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتەدا هەیە.

سوپای پاکستان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دیاریکردنی سیاسەتی سیاسی ئەو وڵاتەدا و سێ جار لە رێگای کودەتاوە پێکهاتەی سیاسی وڵاتەکەی تێکداوە.

عیمران خان سەرۆک وەزیرانی پێشوو کە بە دەنگی بێ متمانەیی پەرلەمان لە کار لادرا، بەهۆی خراپی باری ئابووری وڵاتەکەوە لە لایەن هاوپەیمانەکانی حکومەتەوە ڕەخنەی لێگیرا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو دەرکردنەکەی بە پلانێکی بیانی وەسف کردووە و دەڵێت ئەمەریکا هاندەریان بووە بۆ لادانی ئەو.

واشنتن ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردۆتەوە و دەڵێت هیچ تێوەگلانێک لە کاروباری ناوخۆی پاکستاندا نییە. جالینا پۆرتەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو بانگەشانەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستانی بە تۆمەتی بێ بنەما ناودێر کرد.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG