Accessibility links

سەرۆک وەزیری پاکستان لە کارەکەی دوورخرایەوە


عیمران خان
عیمران خان

سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان وتی ڕۆژی یەکشەممە پەرلەمانی وڵاتەکە لە دەنگدانێکدا متمانەیان لە سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان سەندەوە، ئەمەش لەنێوەندی دوورکەوتنەوەی هاوپەیمانەکانی لێی کە دەڵێن خان بەرپرس بووە لە خراپبوونی ئابووری وڵاتەکە و شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دابووی.

ئەیاز سەدیقی ئەندام پەرلەمانی پاکستان وتی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی پاکستان توانییان لە کۆی 342 ئەندامەکەی پەرلەمان کە دەنگییانداوە 174 دەنگ بەدەست بهێنن بۆ لەکارلابردنی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە عیمران خان. تەنها چەند نوێنەرێکی کەمی حیزبە فەرمانڕەواکەی خان ئامادەی دەنگدانەکە بوون.

دوو سەرچاوە وتیان دەنگدانەکە دوای کۆبوونەوەکەی نێوان خان و جەنەڕاڵی باڵای سوپای وڵاتەکە قەمەڕ جاڤید باجوادا هات، لەکاتێکدا ڕەخنەیەکی زۆر دەگیرا لەسەر دواکەوتنی پڕۆسەی کارەکانی پەرلەمان لەو بارەیەوە.

ڕابەری حیزبی ئۆپۆزسیۆنی پاکستان شەهباز شەریف کاندیدی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیری پاکستان.

شەهبازی تەمەن 70 ساڵ کە دەکاتە برا بچووکی سێ سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان، ناوبانگی جێبەجێکارێکی کاریگەریی هەیە.

خانی تەمەن 69 ساڵ لە ساڵی 2018 دا بە پشتیوانی سوپا وەکو سەرۆک وەزیری وڵاتەکە دەستنیشانکرا، بەڵام لەمدواییانەدا کاتێک هاوپەیمانەکانی لە حکومەتە هاوبەشەکەی هاتنە دەرەوە، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی لەدەستدا. شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن ئاماژەش هەبوون لەسەر ئەوەی پشتیوانی سوپاشی لەدەستداوە.

حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن خان شکستی هێناوە لە بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانی بەرکەوتووە، هەروەها دەڵێن خان نەیتوانیوە بەڵێنەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ بکات، کە بریتی بوون لە داماڵینی گەندەڵی و وڵاتێکی خۆشگوزەران بەشێوەیەک لە گۆڕەپانی جیهاندا ڕێزی لێبگیرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG