Accessibility links

ئۆکرانیا داوای سەپاندنی سزای فەراوانتر بۆ سەر مۆسکۆ دەکات


ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند لە کاتێکدا کە خۆی بۆ هێرشێکی گەورەی ڕووسیا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی ئامادە دەکات، داوای خولێکی دیکەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دژی مۆسکۆ دەکات، و داوای یارمەتی سەربازی زیاتر لە هاوپەیمانانی کرد.

ڕووسیا لەوەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکانی لە 24ی مانگی 2وەوە تاکو ئێستا، نەیتوانیوە هێچ یەک لە شارەکانی ئۆکرانیا بگرێتەوە، بەڵام ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی کۆکردۆتەوە بۆ هێرشێکی گەورە و داوای لە خەڵکەکەی کردوە کە ناوچەکە بەجێبهێڵن.

سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە تویتەری خۆی ڕایگەیاندوە کە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شوڵز سەبارەت بە سزای زۆرتر بۆ سەر مۆسکۆ و هەروەها پشتگیری زیاتری بەرگری و دارایی بۆ وڵاتەکەی قسەی کردووە.

ئۆفیسی زێلێنسکی ڕایگەیاندوە کە سەرۆکی ئۆکرانیا هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەی لەبارەی پێشنیارەکانی کیێڤ بۆ پاکێجێکی نوێی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا گفتوگۆی کردوە.

زێلێنسکی لە لێدوانێکی ڤیدیۆیدا کە درەنگانی ڕۆژی شەممە بڵاوبۆتەوە، داواکارییەکانی خۆی بۆ قەدەغەکردنی تەواوەتی بەرهەمی وزەی ڕووسیا و چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیای دووپاتکردەوە.

یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی هاوردەکردنی خەڵوزی ڕوسی لەپاڵ بەرهەمەکانی دیکە قەدەغە کرد، بەڵام هێشتا دەستی لە هاوردەکردنی نەوت و گاز لە ڕووسیاوە نەکێشاوە.

کوشتن و گیان لەدەستدانی خەڵکی مەدەنی لە ئۆکرانیا سەرکۆنەی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی و سزا نوێیەکانی بۆ سەر ڕووسیا لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەسەر کوشتنی سەدان خەڵکی مەدەنی لە شارۆچکەی بوچا لە باکوری ڕۆژئاوای کیێڤ کە تا هەفتەیەک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە داگیرکرابوو.

ڕووسیا ئەو تۆمەتانەی کە گوایە سەربازەکانی لە ئۆکرانیا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، بە پروپاگەندەیەکی ساختە وەسف دەکات و هێزی تایبەتی ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی ئەم کارە لە بوچا بۆ زیانگەیاندن بە ناوبانگی کرمیلن تۆمەتبار دەکات.

XS
SM
MD
LG