Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا و پێشبڕکێی نزیک لەیەکی نێوان ماکرۆن و مارین لوپین


سندووقەکانی دەنگدان ڕۆژی یەکشەممە لە سەرتاسەری وڵاتی فەرەنسا بۆ یەکەم خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە کراونەتەوە، وا بڕیارە 48 ملیۆن کەس کە مەرجەکانی دەنگدانیان تێدایە، کەسێک لە نێوان 12 کاندید، وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێرن.

سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن کە بە دوای دووەم خولی پێنج ساڵەی سەرۆکایەتیدایە، ڕووبەڕووی بەڕەنگارییەکی بەهێزی حیزبی ڕاستڕەوی ئەو وڵاتە بۆتەوە.

سندووقەکان کاتژمێر 8 بەیانی ڕۆژی یەک شەممە بەکاتی فەرەنسا کراونەوە، و بڕیارە کاتژمێر 7ی ئێوارەش لە زۆربەی شوێنەکاندا دابخرێن.

ئەگەر کەسێک زیاتر لە نیوەی دەنگدانی سەرتاسەری بەدەستبهێنێت، ئەوا لە 24ی ئەم مانگەدا خولی دووەمی یەکلاکەرەوە لەنێوان دوو پاڵێوراوی سەرەکیدا بەڕێوەدەچێت.

جگە لە ماکرۆن، مارین لوپێن کاندیدی حیزبی ڕاستڕەو، و ژان لوک مێلانشون لە حیزبی چەپ، کە لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنەن، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی کێبڕکێ دەکەن.

ماکرۆن کە میانەڕەوێکی سیاسیە تا چەند مانگ پێش ئێستا پێدەچوو یەکەم سەرۆکی فەڕەنسا لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بێت کە بتوانێت بۆ جاری دووهەم ببێتەوە بە سەرۆکی ئەو وڵاتە، بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا وەک هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و خۆراک و وزە، بەشێکن لەو پرسانەی کە وادەکەن بەشێکی زۆری دەنگەکان بڕواتە لای کاندیدی ڕاستڕەوەکان واتە مارین لوپین.

ماکرۆن لە ساڵی 2017دا مارین لو پێنی شکست دا، و بوو بە گەنجترین سەرۆکی فەڕەنسا.

سەرکەوتنی ماکرۆن وەک سەرکەوتنێک لە دژی سیاسەتی پۆپۆلیستی و ناسیۆنالیستی سەیرکرا کە لە دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، و دەنگدانی بەریتانیا بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2016دا، دروست ببوو.

دوای سەرکەوتنی چەند ڕۆژ پێش ئێستای ڤیکتۆر ئۆربانی پوپولیست بۆ جاری چوارەم وەک سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا، لە ئێستا ڕاستڕەوەکانی جیهان چاوەڕی بردنەوەی کاندیدی دیکە ڕاستڕەوی فەڕەنسا مارین لوپین دەکەن، کە دەیەوێت حیجابی موسڵمانان و دووکانەکانی حەڵال و حەرام لە فەرەنسا قەدەغە بکات، و هاتنی کٶچبەران لە دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کەم بکاتەوە.

ئەم هەڵبژاردنە توانای ئەوەی هەیە کە ناسنامەی فەڕەنسای دوای جەنگ بگۆڕێت، و دەریدەخات کە ئایا ئاستی پۆپۆلیزمی ئەوروپی بەرزە یان لە دابەزیندایە.

هاوکات ئەگەر ماکرۆن هەڵبژاردنەکە بباتەوە ئەوا وەک سەرکەوتنێک بۆ یەکێتی ئەوروپا دەبینرێت.

چاودێران دەڵێن دووبارە هەڵبژاردنەوەی ماکرۆن بە ئەگەری زۆر دەبێتە هۆی زیادکردنی هاوکاری و وەبەرهێنان لە ئاسایش و بەرگری یەکێتی ئەوروپادا.

جەنگی ڕووسیا لەئۆکراینا ئەو هەلەی بۆ ماکرۆن ڕەخساندووە کەکاریگەری خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەربخات، و پێگەی خۆی لەدیبەیتەکانی هەڵبژاردندا بە هۆی کاریگەربوونی لە پشتیوانیکردنی ناتۆ بەهێزتر بکات.

ماکرۆن تاکە کاندیدی دیارە کە پشتگیری لە ناتۆ دەکات، لە کاتێکدا کاندیدەکانی تر بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ڕۆڵی فەرەنسا لە ناتۆدا، لەناویدا ژان لوک مێلانشون لەڕیزی ئەوانەدایە کەدەیانەوێت واز لە ناتۆ بهێنن، و دەڵێن جگە لە شەڕ و نائارامی هیچی تر بەرهەم ناهێنێت.

XS
SM
MD
LG