Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەک لە نێو مزگەوتێکی پایتەختی ئەفغانستان، 6 کەس بریندار دەبن


بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێک ڕۆژی چوارشەممە لە مزگەوتێکی پایتەختی ئەفغانستان شەش کەس بریندار بوون. پۆلیس دەڵێت ئەم تەقینەوەیە چەند خولەکێک پاش تەواوبوونی نوێژی نیوەڕۆ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا ڕوویداوە.

لەو کاتەوەی لە مانگی هەشتی ڕابردووەوە تاڵیبان دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتووەتەدەست هێرشەکان بۆسەر ئامانجە گشتییەکان بە شێوەیکی زۆر کەمیکردووە، بەڵام گروپی تیرۆرستی داعش بەردەوامە لە چالاکییەکانی لە سەرانسەری وڵاتەکە.

محەمەد یاسین یەکێک لەوانەی لە کاتی تەقینەوەکە لە مزگەوتەکەدا نوێژی دەکرد بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند " ئێمە نوێژەکەمان تەواو کردبوو و لە مزگەوتەکە دەردەچووین کاتێک تەقینەوەکە ڕوویدا."

خالد زەردان گوتەبێژی پۆلیسی کابوڵ بە فرانس پرێسی ڕاگەیاند نارنجۆکێک هەڵدراوەتە نێو مزگەوتی پولێ خستی و گومانبارێک لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵ هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام گروپی دەوڵەتی ئیسلامی خوراسان لەم دواییانە هێرشی لە کابوڵ و شارەکانی تردا ئەنجامداوە.

کاربەدەستانی تاڵیبان سوورن لەسەرئەوەی هێزەکانیان شکستیان بە داعش هێناوە، بەڵام شیکەرەوەکان دەڵێن ئەو گروپە جیهادییە ئاستەنگی سەرەکی ئاسایشیە بۆ تاڵیبانی توندڕەو کە ئێستا حوکمی ئەفغانستان دەکات.

XS
SM
MD
LG