Accessibility links

تاڵیبان چاندنی ئەو ڕووەکانە قەدەغە دەکات کە مادەی هۆشبەریان لێ بەرهەم دەهێنرێت


حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانی چاندنی ئەو ڕووەکانەی لە سەرانسەری وڵاتدا قەدەغە کرد، کە مادەی هۆشبەریان لێ بەرهەم دەهێنرێت، لەوانە ڕووەکی خەشخاش و ئەفیون.

ئەفغانستان گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەفیۆنە لە جیهاندا و لەسەدا 85 ی بەرهەمی جیهانی ئەو مادەیە بەرهەم دەهێنێت.

بۆ ئەو مەبەستە هیبەتوڵڵا ئاخونزادە رابەری باڵای گروپی تاڵیبانی ئیسلامی حوکمڕانی وڵات فەتوایەکی دەرکرد و تێدا بەرهەمهێنان، بەکارهێنان، گواستنەوە و بازرگانیکردن و هەناردەکردنی هەموو مادە هۆشبەرەکانی دیکەی قەدەغەکرد.

هاوکات وەزارەتی نێوخۆی تاڵیبان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابول ڕایگەیاند هەرکەسێک لە ئەفغانستان ئەم فەتوایە پێشێل بکات ئەوا دەستبەجێ کێڵگە ڕووەکیەکانی لەناودەبرێت و کەسی پێشێلکاریش بە گوێرەی شەریعەت سەروسەودای لەگەڵدا دەکرێت.

جێی ئاماژەیە لەو کاتەوەی گروپی توندڕەوی تاڵیبان دەسەڵاتیان لە ئەفغانستان لە مانگی 8 ی ساڵی ڕابردوەوە گرتەوە دەست، تاڵیبان کەوتووەتە ژێر فشاری وڵاتانی هاوسێ و هەرێمییەوە بۆ ئەوەی بەگژ بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتدا بچێتەوە، هەروەها ڕێگری لە بازرگانیکردن بەو مادە هۆشبەرانەوە بکات.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG