Accessibility links

ڕووسیا هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر ئۆدیسای ئۆکرانیا


چەند مووشەکێک ڕۆژی یەکشەممە لەنزیک بەندەری ئۆدیسا لەباشووری ئۆکرانیا تەقینەوە، و ڕووسیا ڕایگەیاندوە پاڵاوگەیەکی نەوتی وێرانبووە کە لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە بەکارهێنراوە، و ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ چۆڵکردنی شارە وێرانکراوەکەی ماریۆپۆل بەردەوامە.

ئاماژەیەکی کەم هەیە بۆ پێشکەوتن لە هەوڵەکان بۆ دانوستانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، هەرچەندە سەرۆکی دانوستانکاری ڕووسیا ڕایگەیاندوە بڕیارە گفتوگۆکان لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێبکاتەوە.

لە ئۆدیسا، ئەنجومەنی شارەکە ڕایگەیاندوە کە بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر ژێرخانە گرنگەکانی ئەو شارە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی ڕانەگەیندراوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندوە کە هێرشەکانی سوپای ئەو وڵاتە پاڵاوگەیەکی نەوت و سێ عەمباری سووتەمەنی لە نزیک ئۆدیسا وێران کردووە، و ئەو وەزارەتە دەڵێت کە ئەو جێگایانە بۆ دابینکردنی هێزی ئۆکرانی لە نزیک شاری میکولایڤ بەکار هێنراون.

ئۆدیسا، لە دەریای ڕەشدا، بنکەی سەرەکی هێزی دەریایی ئۆکرانیایە و لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە کراوەتە ئامانج، و دەترێت مەبەستی ڕووسیاش لەو هێرشە کردنەوەی ڕاڕەوێکی وشکانییە بۆ چوونە ناو ترانسدینیستریا، پارێزگایەکی ڕووس زمان لە مۆلدۆڤا کە میوانداری سوپای ڕووسیا دەکات.

ماریوپۆل ئامانجی سەرەکی ڕووسیایە لە ناوچەی دۆنباس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و دەیان هەزار هاوڵاتی ئۆکرانی تێیدا گیریان خواردووە و ناتوانن ناوچەکە چۆڵ بکەن.

سەرۆکی دانوستانکاری ڕووسیا، ڤلادیمیر مێدینسکی دەڵێت هیچ ڕەشنووسێک بۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی نێوان ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادە نەکراوە.

ڕۆژی شەممە، دەیڤید ئەرەخامیا، دانوستانکاری ئۆکرانی بە گەشبینیەوە باسی دانوستانەکانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ ڕووسیا کرد و گوتی پێشکەوتنی تەواو بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ڤلادیمیر پوتین و ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی بەدیهاتووە.

بەڵام سەرۆکی دانوستانکاری ڕووسیا ڕایگەیاندوە لەگەڵ ئەوەدا کە ئۆکرانیا گوتوێتی بێلایەن دەبێت و لە چەکی ناوکی دەست دەکێشێتەوە، و داوای چوونە ناو ناتۆ ناکات، و میوانداری بنکە سەربازییەکانی ناتۆش ناکات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هیچ پێشکەوتنێکمان لەو بارەیەوە بەدی نەکردوە.

هاوکات ئۆکرانیا دەڵێت لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لەدەوروبەری کیێڤ جارێکی تر کۆنترۆڵی دەوروبەری پایتەختەکەی گرتوەتەوە دەست.

ڕووسیا کشانەوەی هێزەکانی لەنزیک کیێڤ بەنیشانەی نیازپاکی لەگفتوگۆکانی ئەم دواییەدا بۆ ئاشتی وەسف دەکات.

ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن ڕووسیا پاش ئەوەی زیانێکی قورسی لە نزیک کیێڤ بەرکەوتووە، ناچار بوو سەرنجی خۆی زیاتر بگوازێتەوە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

دوای زیاتر لەپێنج هەفتە لەداگیرکارییەکانی ڕووسیا، یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا جگە لەسەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆدا، هێشتا گفتوگۆ لەسەر سنوردارکردنی کاراتر دەکەن بۆ ناچارکردنی ڕووسیا بۆ وەستاندنی جەنگ.

XS
SM
MD
LG