لیز تروس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، کە دەبێت هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە کاتی داگیرکردنی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیادا، وەک تاوانی جەنگ لێکۆڵینەوەی لێبکریت، و گوتیشی بەریتانیا بە تەواوی پشتگیری هەر هەنگاوێک دەکات کە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە سەبارەت بەم پرسە بگیرێتە بەر.
تروس لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "لە کاتێکدا کە سوپای ڕووسیا ناچار دەکرێن بکشێنەوە، ئێمە بەڵگەکان لەسەر زۆربوونی کارە ترسناکەکان دەبینین، کە لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە لە شارۆچکەکانی وەک ئیرپین و بوچا ئەنجامیان داوە". وەک ئاماژەیەک بە دوو شارۆچکەی نزیک لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیاوە.
گوتیشی "پێویستە هێرشەکانی دژ بە هاووڵاتیانی بێتاوان لە کاتی داگیرکاری نایاسایی و ناڕەوای ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، وەک تاوانی جەنگ لێکۆڵینەوەی لێبکرێت".
جێی باسە ڕووسیا پێشتر بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگی ڕەتکردۆتەوە، لەو شەڕەی کە گوایە بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەتی لەئۆکرانیا ناوی دەبات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز