Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا لە پاش کشانەوەیان ناوچەکان مینڕێژ دەکەن


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵێنسکی سەربازانی ڕووسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی بە ئەنقەست ناوچەکانی باکوری ئۆکرانیا مینڕێژدەکەن لە کاتێکدا دەکشێنەوە یان لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە پاشەکشێیان پێدەکرێت.

ئۆکرانیا دەڵێت لەم هەفتەیەدا هێزەکانی کۆنترۆڵی زیاتر لە 30 ناوچەو گوندیان لە دەوروبەری کیێڤ کردووەتەوە، لەو کاتەوەی ڕووسیا لە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەی لە دەوروبەری پایتەختی ئۆکرانیا هێوردەکاتەوە بۆ تیشکخستنە سەر شەڕەکەی لە ڕۆژهەڵات.

زێڵێنسکی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ڕۆژی شەممە بڵاو کراوەتەوە، بەبێ ئاماژەکردن بە هیچ بەڵگەیەک دەڵێت " لە باکوری وڵاتەکەمان داگیرکەران دەردەچن. پەرۆسەکە خاوە بەڵام هەستی پێدەکرێت. لە هەندێک شوێندا بەشەڕ دەردەکرێنە دەرەوە. لە شوێنەکانی تریشدا خۆیان دەکشێنەوە."

ئەو گوتیشی " ئەوان ناوچەکان بۆمبڕێژدەکەن. خانووەکان مینڕێژکراون، کەرەستەکان مینڕێژکراون تەنانەت تەرمەکانیش مینڕێژکراون."

فەرمانڕەوای چێرنهێڤ ڤیاچسلاڤ چاوس‌یش ڕۆژی شەممە سەربازانی ڕووسیای تۆمەتبارکرد بە مینڕێژکردنی ناوچەکان لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دەوروبەری پایتەخت دەکشێنەوە. ئەو لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی نیشتمانی ڕایگەیاند " مینێکی زۆر چێنراوە. گوندەکان پڕکراون لە مین."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە لەلایەنێکی سەربەخۆوە ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG