Accessibility links

ئیڵۆن مەسک: پێویستە مرۆڤ شار لەسەر مەریخ بنیادبنێت بۆ ڕێگری لە لەناوچوون


ئیلۆن مەسک، سەرۆکی کۆمپانیای تێسڵا
ئیلۆن مەسک، سەرۆکی کۆمپانیای تێسڵا

مرۆڤایەتی بەهۆی کێشەکانی وەکو کەمبوونەوەی ڕێژەی منداڵبوون و توندڕەوەی ئاینی و ژیری دەستکرد مەترسی لەناوچوونی لەسەرە و پێویستە هەوڵبدەین لەسەر مەریخ شار دروستبکەین بۆ مانەوەی زیاترمان لە گەردوون، ئەمە بەگوێرەی سەرۆکی کۆمپانیای تێسڵا ئیلۆن مەسک.

ئیلۆن مەسک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئینسایدەر، ئاماژەیدا بە گرنگی هەوڵە زانستیەکان بۆ ئەوەی مرۆڤ دەستیبگات بە ژیان لە دەرەوەی هەسارەی زەوی کە تووشی چەندین کێشەی مەترسیداربووە وەکو گۆڕانی کەشووهەوا و ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ناوەکی.

ئەو ڕایگەیاند، "دڵشاد دەبم ئەگەر مرۆڤایەتی شارێکی پشتبەخۆبەستوی لەسەر مەریخ هەبێت چونکە بەهۆی ئەوە کاتی مانەوەی مرۆڤایەتی زۆر زیاتر دەبێت. من پێموایە کە بەڕاستی ئێمە تەنها ئەو مۆمە بچوکەی ئاگاییمان هەیە کە وەک ڕووناکیەکی ىچوک وایە لەناو بۆشایی، وە نامانەوێت ئەو مۆمە لەناو تاریکیدا بکوژێتەوە."

ئیلۆن مەسک پێیوایە کە لە کۆی ئەو کێشانەی کە مرۆڤ بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، کەمبوونەوەی ڕێژەی وەچەخستنەوە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر مانەوەی.

لەم بارەوە ڕایگەیاند، "کێشەی کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون ساڵانێکی زۆرە منی نیگەرانکردووە چونکە نابینم چۆن دەتوانین چارەسەری بکەین. هەموو ساڵێک خراپتر دەبێت…ڕەنگە ئەمە گەورەترین مەترسی بێت لەسەر داهاتووی شارستانیەتی مرۆڤ. دوای ئەوە مەترسی هەیە کە ژیری دەستکرد بەرەو ئاقارێکی هەڵەدا بڕوات. پێموایە توندڕەوی ئاینی مەترسییەکی ترە."

سەبارەت بە پێشکەوتنەکان لە زانستی پزیشکی و ئەگەرەکانی درێژکردنی ماوەی ژیانی مرۆڤ، ئیلۆن مەسک ڕایگەیاند کە زانست لە داهاتوودا دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات بۆ ئەوەی بیرەوەری و کەسایەتی و هەر خەسڵەتێکی پێکهێنەری کەسەکان لە مرۆڤ بگوازرێتەوە بۆ ئامێرەکان وەک هەوڵێک بۆ "ژیانی هەتاهەتایی".

بەڵام پێیوایە کە زیادکردنی تەمەنی مرۆڤ ڕەنگە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە نەشکێتەوە.

ئەو گوتی، "پێموانیە کە پێویست بەوە بکات کە هەوڵبدەین تاکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ بژین. ئەمە دەبێتە هۆی خنکانی کۆمەڵگە چونکە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە زۆربەی خەڵک بیروبۆچونەکانیان ناگۆڕن بەڵکو دەمرن. جا بۆیە ، گەر نەمرن ئێمە لەگەڵ بیروبۆچوونی کۆن گیردەخۆین و کۆمەڵگە پێشناکەوێت. پێموایە ئێمە ئێستا کێشەی ئەوەمان هەیە کە سەرکردەکانی زۆر لە وڵاتان زۆر بەتەمەنن. لە ئەمەریکا، سەرکردەکان زۆر زۆر کۆنن. وە ئەستەمە بتوانیت لە خەڵک دانەبڕێیت ئەگەر تەمەنت چەندین نەوە لە ئەوان زیاتر بێت."

ئیلۆن مەسک کە ئێستا سامانەکەی بە 260 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و بە یەکێک لە دەوڵەمەنترین مرۆڤەکان دادەندرێت ڕایگەیاند کە هیواخوازە لە ژیان بەردەوامبێت تا خەونەکانی بۆ پرۆژەی SpaceX سەبارەت بە نیشتەجێکردنی مرۆڤ لەسەر هەسارەکانی تر دێنەدی. بەڵام سەبارەت بە ترسی لە مردن ڕایگەیاند، "من لە مردن ناترسم. پێموایە وەکو حەسانەوە دەبێت."

XS
SM
MD
LG