Accessibility links

زانیاری لەسەر ئاڕاستەی ململانێی نێوان لایەنە عێراقیەکان


دوای سوتاندنی بارەگای بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە، پێشبینی چڕکردنەوەی هەوڵەکانیش بۆ دروستکردنی کەلێن لەنێو عەرەبی سونە و ڕەوتی سەدریش دەکرێت، ئەمەش لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی نێوانیان.

سوتاندنی بارەگای بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدایە، هێشتا لایەنەکانی نێو هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکە، پێداگیرن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، لە کاتێکدا ئێران و لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش، هەوڵی شکستهێنان بەو ڕێککەوتنە دەدەن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، لە پاڵ سوتاندنی بارەگای بەغدای پارتی دا، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ شکستهێنان بە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەمەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدا هێشتا لایەنەکانی نێو ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە، پێداگیرن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە و تەواوکردنی نیسابی یاسایی.

شێخ سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"هێشتا سەماحەتی موقتەدا سەدر پێداگیرە لەسەر بۆچوونەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، لە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانی پشت بەخوا، ئەمەش لە پێناو گۆڕینی ڕێچکەکانی ڕابردوو، ئاماژەی ئیجابیش هەیە."

شەوی ڕابردوو، بەبیانووی سوکایەتیکردن بە مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراق لەلایەن کادیرێکی ئەو حیزبەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەشێک لە بارەگای بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستانیان سوتاند، بەرپرسانی پارتیش پێیانوایە سوتاندنی بارەگاکەیان فشاری سیاسی بووە، نەک کاردانەوەیەکی ئاسایی.

شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، لە بارەی سوتاندنی بەشێکی بارەگاکەیانەوە، ڕایگەیاند"ناکرێت لەسەر لێدوانی نامەسئولانەی کاڵفامێک، بارەگای حیزبێکی سیاسی بسوتێنرێت، ئەمە پێکانی سیاسی بوو."

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕەخنەی لە سوکایەتیکردن بە مەرجەعیەتی شیعەکان گرت و ئیدانەی سوتاندنی بارەگای حیزبەکەشی لە بەغدا کرد. مستەفا مازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەرکەوتنی کاریگەری قەیرانە سیاسیەکانی لەسەر شەقامی عێراقی ڕەتکردەوە، هێزە ئەمنیەکانی ڕاسپارد بۆ پاراستنی خەڵک و بارەگا سیاسیەکان.

سوتاندنی بارەگای بەغدای پارتی لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە لە کاتێکدایە، کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانێکی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی بۆ وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە، لەسەر ئەوەی لەدانیشتنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق دا، هەوڵی تەواوکردنی نیسابی یاسایی و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی دابوو، بێ ڕەزامەندی لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کەنزیکن لەخۆیەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکاش، قسەلەگەڵ 18 پەرلەمانتاری عێراق دا کراوە، تا بەشداری لەدانیشتنی ڕۆژی چوارشەمەی پەرلەمان دا نەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە ئەو 18 پەرلەمانتارە بەشداری دانیشتنی پێشووتریان کردووە، هەروەک هەوڵەکانیش چڕکراونەتەوە، بۆ درز خستنە نێو عەرەبی سونە و ڕەوتی سەدریش.

سەبارەت بە فشارەکانی ئێران بۆ سەریان، سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدر گوتی"سەماحەتی موقتەدا سەدر مامەڵە لەگەڵ کۆسپەکان دەکات و هەمووی بەنەزەری ئیعتیبار وەرگرتووە، پێداگیریشە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە کە لەبەرژەوەندی وڵاتدایە."

لە حاڵەتی بەردەوام بوونی قەیرانە سیاسیەکانی عێراق دا، چاوەڕوان دەکرێت دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزبوون بڕوات و مەترسی پێکدادانیش لە ئارادایە، هەموو ئەگەرەکانیش وەکو هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە و ڕێککەوتنی نێوخۆیی شیعە، یاخود قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێو هێزە شیعەکان تا دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن کراوەن.

ناکۆکی چڕی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکان، پارتی و یەکێتیشی وەکو دوو هێزی حوکمران دابەشکردووە، پارتی هەوڵی بردنی سەرۆک کۆمار دەدات و یەکێتیش کە ڕای لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدایە، پۆستەکە بە پشکی خۆی دەزانیت.

ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتی لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت" عێراق لەسەر بنەمای تەوافق دامەزراوە، پێویستە هەموو کێشەکان بە لە یەکترتێگەیشتن چارەسەر بکرێن، هەوڵی چەند لایەنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە سەرناگرێت، ئینجا حکومەتی زۆرینە پێشهاتێکی خراپە، چونکە ڕەنگە دوو سبەی شیعە لە نێو خۆیدا ڕێکبکەوێت و بێ کورد و سونە، حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت."

جەختیشیکردەوە"یەکێتی سەردانی پارتی و هەموو لایەنەکانی کردووە، تا لە بەغدا پێکەوەبین، بەڵام پارتی تاکڕەوانە و بەتەنها چووەتە ڕێککەوتنەوە لەگەڵ چەند لایەنێکی شیعە و سونە، ئێمە وەکچۆن دەمانەوێت نێوماڵی کورد یەکبێت، ناشمانەوێت نێو ماڵی خەڵکی تریش تێکبدەین."

کۆسپەکانی بەردەم ڕێککەوتنە سێ قوڵیەکەی ڕەوتی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە، تا دێت قورستتر دەبێت، بۆیە بەڕای چاودێران، پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە عێراق و پەراویزخستنی هیزە سیاسیە چەکدارەکانی نزیک لەئێران ئاسان نیە.

ئیسماعیل حەدیدی سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە پێیوایە، ناتوانرێت حکومەتی زۆرینە لە عێراق پێکبهێنرێت، چونکە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و تەواوکردنی نیسابی یاسایی پەرلەمانی ئاسان نیە، وتی"لایەنەکان هەموو ڕازین لەسەر ڕاسپاردنی محەمەد جەعفەر سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ناکۆکیەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارن، پۆستی سەرۆک کۆمار بووەتە قەیرانێکی گەورە نەک لە نێو پارتی و یەکێتی دا، بەڵکو لەنێو ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیشدا."

ململانێی نێو هێزە سیاسیەکان دۆخی عێراقی بەشێوەیەک توشی چەقبەستووی کردووە، مەترسی پێکدادان و بارگرژی زیاتر و گواستنەوەی ناکۆکیەکان بۆ نێو شەقامی عێراقی لای هەندێک لە بەرپرسان دروستبووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:42 0:00

XS
SM
MD
LG