Accessibility links

بایدن: پوتن نابێت لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە


سەرۆک جۆو بایدن لە وتارەکەی ڕۆژی شەممەی لە کۆشکی شاهانەی وارشۆ ئەوەی روونکردەوە کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمیر پوتن چیتر نابێت ڕێبەرایەتی وڵاتەکەی بکات.

سەرۆک بایدن گوتی "ئەم پیاوە نابێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە." ئەو داگیرکارییەکانی ڕووسیای لە ئۆکرانیا بە " شکستێکی ستراتیژی" بۆ مۆسکۆ ناودێرکرد.

بایدن لەو وتارە گرنگەیدا لە پایتەختی پۆڵەندا بەرخۆدانی ئۆکرانییەکانی لە دژی داگیرکارییەکانی ڕووسیا بە "شەڕی ئازادی" دژ بە سۆڤیەت بەراورد کرد و گوتی جیهان دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ " شەڕێکی درێژ لەبەردەممان."

ئەو بە ئۆکرانییەکانی گوت " ئێمە پشتیوانیتان لێدەکەین". سەرۆک بایدن ئاماژەی بە خەڵکی ئاسایی ڕووسیا کرد و گوتی ئەوان " دوژمنی ئێمە نین" و داوای لێکردن پوتن تاوانباربکەن بۆ ئەو سزا ئابورییە قورسانەی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە سەپێندراون.

هۆشداریشی دا بە ڕووسیا بستێک نەیەتە نێو خاکی ناتۆوە.

لە سەرەتای وتارەکەیدا ئەو قسەکانی پاپا جۆن پۆڵی دووهەمی کۆچکردووی بۆ ئۆکرانییەکان دووپاتکردەوە "نەترسن".

لەکاتی کۆتاییهێنان بە وتارەکەشیدا گوتی " ئایندەیەکی جیاوازمان دەبێت، ئایندەیەکی گەشتر کە ڕیشەی لە دیموکراسی و پرەنسیپ، هیوا و ڕووناکیدا داکوتاوە."

XS
SM
MD
LG