Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: دەیان بەرپرس و ڕۆژنامەوانی ئۆکرانی دەستگیرکراون و بێسەروشوێنن


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند دەیان بەرپرس، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی ئۆکرانی بە زۆر دەستگیرکراون یان بەناچاری دیارنەماون، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی هۆشداری دا کە هەندێک لەو دۆسێیانە هاوشێوەی "بارمتەگرتن" ە.

نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند هەر لەو کاتەوەی ڕووسیا هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووە لە ماوەی یەک مانگدا چەندین کەیسی دەستبەسەرکردنی زۆرەملێیانە و شاردنەوەی ناچاری 22 بەرپرسی خۆجێی ئۆکرانیان بە بەڵگەوە تۆمارکردووە، کە 13 کەسیان دواتر ئازادکراون.

ڕەنگە بەناوبانگترین ئەو حاڵەتانە، کەیسی سەرۆکی شارەوانی شاری میلیتۆپۆلی باشووری ئۆکرانیا ئیڤان فێدۆرۆڤ بێت کە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا دەیانوت کە چەند ڕۆژێک پێش ئازادکردنی لەلایەن هێزەکانی ڕوسیاوە ڕفێنراوە و دەستبەسەرکراوە.

ماتیڵدا بۆگنەر نوێنەری ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئۆکراینا وتی "پێدەچێت ئەمە شێوازێک بێت لەو ناوچانە ڕوودەدات کە لەلایەن ڕووسیاوە داگیردەکرێن."

لە جنێف لە ڕێگەی چاوپێکەوتنی ڤیدۆییەوە لە ئۆزهۆرۆد لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "هێزەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا بە تایبەتی خەڵک دەستگیر دەکەن و کەسوکاریان ئاگادار ناکەنەوە کە دەیانبەن بۆ کوێ."

هەروەها وتیشی "هەندێک حاڵەتەکان پێدەچێت جۆرێک بن لە جۆرەکانی بارمتەگرتن."

بۆگنەر وتیشی 15 ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی " کە بە ئاشکرا دژایەتی داگیرکاریان کردووە" لە چەندین ناوچە ڕفێندراون. ئەو گوتیشی" بەدڵنیاییەوە پێدەچێت ئامانجەکان ئەو چالاکوانانە بن کە پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن یان هێزەکانی ڕوسیا وا دەیانبینن کە سەر بە ئۆکرانیان."

هەروەها بۆگنەر وتیشی ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدەن ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاستبکەنەوە کە لەو کاتەوە پێنج ڕۆژنامەنووس و سێ چالاکوان ئازادکراون، بەڵام "شوێنی ئەوانی دیکە نەزانراوە".

ناوبراو وتیشی "لەو کاتەوەی هێرشەکە لە 24ی مانگی 2 ەوە دەستیپێکردووە حەوت ڕۆژنامەنووس کوژراون.

هەزاران هاوڵاتی و هەزاران سەرباز لە هەردوو لا کوژراون، ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی 1081 هاووڵاتی پشتڕاست کردەوە کە 93 منداڵیشیان تێدایە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پێدەچێت ژمارەی کوژراوە ڕاستەقینەکان لەوە زیاتر بن.

بۆنمونە بۆگنەر دەڵێت ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ تا ئێستا نەیتوانیووە زۆرێک لە کەیسی کوژراوەکان پشتڕاستبکاتەوە لە شاری ماریۆپۆل شارە کەناراویە گەمارۆدراوەکەی باشووری ئۆکرانیا.

دەسەڵاتداران لە شارەکە ژمارەی کوژراوەکانیان بە زیاتر لە 2000 کەس خەمڵاندووە و ڕاینگەیاند کە ڕۆژی هەینی هەفتەی ڕابردوو هێرشێکی موشەکی بۆ سەر هۆڵێکی شانۆی شارەکە کراوە کە خەڵکی مەدەنی لە ترسی کوشتن وەک پەناگە بەکاریانهێنابوو بەڵام 300 کەس بەهۆی ئەو هێرشەوە کوژراون.

بۆگنەر وتیشی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ کەمتر دەستی ڕادەگات بە شوێنەکان، بەڵام بە بەکارهێنانی داتای سەتەلایت، توانیویەتی زانیاری دەربارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شارەکە بەدەستبهێنێت، لەوانە لە گۆڕستانێکدا نزیکەی 200 لاشەی تێدایە.

هەرچۆنێک بێت، ئەو جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە هێشتا هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئایا ئەوانە هەموویان خەڵکی مەدەنین یان هەموویان ڕاستەوخۆ لە ئەنجامی ئەو شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە.

بە گشتی بۆگنەر وتیشی کە "قەوارەی کوژرانی هاوڵاتیان و وێرانکردنی ئامانجە مەدەنییەکان بە توندی ئەوە دەردەخات" کە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی هاوڵاتیان لە شەڕی ئۆکرانیادا پێشێلکراون.

ئەم هێرشانە ئازارەکانی مرۆڤ زیتر و زیاتر دەکەن و ڕەنگە بگەنە ئاستی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

XS
SM
MD
LG