Accessibility links

ئیسرائیل پرسە بۆ ئەو چوار هاوڵاتییەی دەگێڕێت کە لەلایەن لایەنگرێکی داعشەوە کوژران


ڕۆژی چوارشەممە ئیسرائیل ئامادەکاری کرد بۆ سازکردنی پرسەی ئەو چوار کەسەی کە لە هێرشێکدا لەلایەن لایەنگرێکی تۆمەتباری داعشەوە کوژران، ئەو ڕووداوە یەکێک بوو لە خوێناویترین ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە لەم ساڵانەی دواییدا.

دوو پیاو و دوو ژن لە هێرشێکدا بە چەقۆ کوژران و لە ڕۆژی سێشەممەدا لە دەرەوەی مۆڵێکی بازاڕکردن لە بێرشێبا کە شارێکی سەرەکیە لە ناوچەی نەقەبی باشووری ئیسرائیل، لە نێو کوژراوەکاندا دایکێکی تیادایە سێ منداڵی لە دوای خۆیەوە بەجێهێشتووە و هاوکات حاخامێکیشی تیادایە.

نەخۆشخانەی سۆرۆکای شارەکە ڕایگەیاند؛ ئەو دوو ژنەی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوون لە دۆخێکی جێگیردان.

پۆلیس ڕایگەیاند هێرشبەرەکە کە لەلایەن میدیاکانی ئیسرائیلەوە ناوسراوەتەوە ناوی محەمەد ئەبو ئەلکیانە عەرەبێکی خەڵکی ئیسرائیلە و لەلایەن ڕێبوارانی چەکدارەوە کوژراوە، هاوکات پێشتر هەوڵی دابوو بچێتە ناو داعشەوە.

هێرشبەرەکە ئەبوو ئەلکیان کە سەر بە هۆزی بەدەوییە، بەڵام هۆزەکەی بە توندی ئەو کردەوەیەیان شەرمەزارکرد و گوتیان ئەوە کارێکی "تاکڕەوانە" بووە و نوێنەرایەتی ئەندامانی هۆزەکەمان ناکات و هۆزەکەی ئێمە پابەندە بە یاسا و ئەندامانی هەمیشە باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە."

هەرچەندە دواتر پۆلیس ڕایگەیاند کە ئەوان و ئەندامانی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل دوو ئەندامی خێزانی ئەبو ئەلکیانیان دەستگیرکردووە بە گومانی ئاگادارنەکردنەوەی هێزەکانی ئاسایش بۆ هێرشێکی تیرۆریستی کە پێشبینی دەکرا ڕووبدات، وا پێشبینی دەکرێت ئەو دوو کەسە دواتر لە دادگا ئامادەبن.

چەند میدیایەکی ئیسرائیلی بڵاویانکردەوە کە ئەبو ئەلکیان، مامۆستایەکی پێشوو بووە و تەمەنی 30 ساڵ بووە، پێشتر بە تۆمەتی گەڕان بەدوای پەیوەندی لەگەڵ داعش و داکۆکیکردن لە ئایدیۆلۆژیای جیهادیی تۆمەتبار کرابوو.

لە ساڵی 2015 دا ئیسرائیل شەش بەدەوی دەستگیر کردووە کە چواریان مامۆستاش بوون، بە تۆمەتی پشتگیریکردنی داعش.

نەفتالی بێنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوابەدوای هێرشەکە چاوی بە وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەری پۆلیس کەوتووە و ستایشی ئەو کەسانەی کرد کە تەقەیان لە هێرشبەرەکە کردووە و دەڵێت "دانایی و ئازایەتیان نیشانداوە و ڕێگرییان لە قوربانی زیاتر کردووە."

بێنێت لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەدا دەنوسێت " ئێمە لە دژی تێرۆریستان زیاتر و زیاتر کاردەکەین" ئێمە بەدوای ئەوانەوەیەن و بەدوای ئەوانەشەوەیەن کە هاوکاریان دەکەن.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG