Accessibility links

ڕووسیا ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بە فشار خستنە سەر وڵاتانی بەشدار لە گروپی 20 سەبارەت بە ئەندامێتی ڕووسیا لە گروپەکەدا


کرێملن ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکای بەوە تۆمەتبارکرد کە فشار دەخاتە سەر وڵاتانی دیکە بۆ لابردنی ڕووسیا لە گروپی 20 وڵاتە گەورە ئابووریەکە، بەڵام گووتیشی هەندێک لە ئەندامان بەرگریان لێ دەکەن.

سەرچاوەکان ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە ئەمەریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بیر لەوە دەکەنەوە کە ئایا ڕووسیا دەبێت لە ناو گروپی 20 دا بمێنێتەوە یان نا. هەرچۆنێک بێت سەرچاوەیەک لە گروپی 7 ڕایگەیاند کە پێناچێت ئەندەنوسیا کە ئێستا سەرۆکایەتی گروپی 20 دەکات یان ئەندامانێکی وەک هیندستان، بەرازیل، ئافریکای باشوور و چین ڕازی بن بۆ لابردنی ڕووسیا لە گروپەکە.

دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کرێملن لە کۆنفرانسێکی تەلەفۆنیدا بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "دیارە کە ئەمەریکا فشاری ئاشکرا و دیپلۆماسی دەکات بۆ سەر هەموو وڵاتەکان بۆ ئەوەی دژایەتی وڵاتەکەمان بکەن."

هەروەها گوتیشی "ئاشکرایە کە ئەمەریکییەکان بەردەوام دەبن لە فشار خستنە سەر وڵاتە جیاجیاکانی گروپی (G20)، بەڵام وەک دەبینین ژمارەیەک لە وڵاتان پێیان باشە پابەند بن بە تێڕوانینە سەربەخۆ و سەروەرییەکانی خۆیانەوە."

پێشتر ڕۆژی چوارشەممە باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەندەنوسیا ئەو وڵاتەی کە میوانداری لوتکەی گروپی 20ی ئەمساڵی دەکات لە بالی گوتی پوتن پلانی داناوە بەشداری بکات.

گروپی 20، لەگەڵ گروپێکی بچوکتر کە گروپی 7 ە پێکهاتوون لە ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، کەنەدا، ژاپۆن و بەریتانیا ، پلاتفۆرمێکی سەرەکی نێودەوڵەتیە بۆ ڕێکخستنی کارنامەکان لەسەر پرسەکانی وەک گۆڕانی کەش و هەوا و پێدانی قەرزە گەورەکان.

گروپی 7 فراوان کرا بۆ فۆرماتێکی نوێی "گروپی 8" کە ڕووسیاشی گرتەوە لە کۆتاییەکانی 1990کاندا. مۆسکۆ لە دوای لکاندنی کریمیای ئۆکرانیاوە بە وڵاتەکەیەوە لە ساڵی 2014 تا ماوەیەکی نادیاریکراو ئەندامبوونی هەڵپەسێردرا.

ڕووسیا لە 24ی مانگی دوودا دەیان هەزار سەربازی ڕەوانەی ئۆکرانیا کرد ئەوەی کە بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت ناودێری دەکات بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی دراوسێ باشووریەکەی خۆی و لە ڕیشەوە هەڵکێشانی ڕەگی ئەو شتەی کە بە ناسیۆنالیستە مەترسیدارەکان ناودێری دەکات.

هێزەکانی ئۆکرانیا بە توندی ڕووبەڕویان بوونەوە و بەرگرییەکی توندیان لە وڵاتەکەیان کرد و ڕۆژئاواش لە هەوڵدایە بۆئەوەی ڕووسیا ناچاری بکات سەربازەکانی بکشێنێتەوە، گەمارۆ و سزا گەلێکی گەورەیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

سەرچاوە: ئاژانسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG