Accessibility links

باڵیۆزی ڕووسیا: پوتن بەنیازە ئامادەی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی 20 بێت لە ئیندۆنیسیا


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

باڵیۆزی ڕووسیا بۆ ئیندۆنیسیا وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بەنیازە ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست بێت کە بڕیارە دواتر لەم ساڵدا لە ئیندۆنیسیا بەڕێوەبچیت، لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەکەدا وتیان ڕەنگە ڕووسیا لە کۆمەڵەکە دووربخرێتەوە.

سەرچاوەکانی نزیک لە بابەتەکەوە وتیان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا هەڵسەنگاندنێک دەکەن لەسەر ئەوەی ئایا دەبێت ڕووسیا لە کۆمەڵەی بیستی ئابوورییە گەورەکانی جیهاندا بمێنێتەوە یاخود نا، ئەوەش بەهۆی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا.

سەرچاوەکان وتیشیان هەر هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی ڕووسیا لە کۆمەڵەکە پێدەچێت لەلایەن ئەندامانی دیکەی کۆمەڵەکەوە ڤیتۆ دژی بەکاربهێندرێت، ئەمەش ئەگەری ئەوەی دروستکردووە هەندێک لە وڵاتانی کۆمەڵەکە ئامادەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی بیست نەبن.

باڵیۆزی ڕووسیا بۆ ئیندۆنیسیا وتی پوتن بەنیازە لە مانگی یانزەدا گەشت بکات بۆ هاوینەهەواری دورگەی بالی لە ئیندۆنیسیا و ئامادەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست ببێت.

باڵیۆزی ڕووسیا لیودمیلا ڤۆرۆبێڤا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئەوە پەیوەستە بە زۆر شتەوە، بە ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە کە ئێستا باشترە. بەڵام تاوەکو ئێستا، نیازی پوتن ئەوەیە دەیەوێت ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت."

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەگەری دوورخستنەوەی ڕووسیا لە کۆمەڵەی بیست، باڵیۆزەکەی ڕووسیا وتی کۆمەڵەی بیست کۆبوونەوەیەکە بۆ تاوتوێکردنی بابەتە ئابوورییەکان نەک قەیرانەکانی وەکو قەیرانی ئۆکرانیا.

وتی " بێگومان دوورخستنەوەی ڕووسیا لەم جۆرە کۆبوونەوانە یارمەتیدەر نابێت لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکاندا، بەپێچەوانەوە، بەبێ ڕووسیا چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان قورس دەبێت."

وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیسیا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر داواکان بۆ دوورخستنەوەی ڕووسیا بدات لە کۆمەڵەی بیستدا.

باڵیۆزی ڕووسیا لە ئیندۆنیسیا داوای لەو وڵاتە کرد نەکەوێتە داوی فشارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواوە.

وتی " هیوادارین حکومەتی ئیندۆنیسیا خۆڕاگربێت لەبەرامبەر فشارە خراپەکانی ڕۆژئاوادا کە نەک تەنها بەسەر ئیندۆنیسیادا بەڵکو بەسەر زۆرێک لە وڵاتانی دیکەدا سەپێندراون."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی دەبێت وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی بیست بڕیار لەسەر ئەوە بدەن، بەڵام ئێستا ئەو بابەتە بابەتی سەرەکی نیە.

شۆڵز وتی " کاتێک باس لە پرسی چۆنێتی بەرەوپێشچوون دەکەین لەنێو کۆمەڵەی بیستدا، دەبێت ئەو پرسە لەنێو وڵاتانی ئەندامدا تاوتوێ بکەین و نەک بە تەنها بڕیاری لەسەر بدەین."

وتی " زۆر ئاشکرایە کە ئێستا ئێمە سەرقاڵین بە شتێکی دیکەوە. ئێستا پێویستمان بە ئاگربەستێکی بەپەلە هەیە."

سەرچاوەیەک وتی " زۆر بە ڕوون و ئاشکرا بە ئیندۆنیسیا وتراوە کە بوونی ڕووسیا لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی بیستدا زۆر کێشە دەبێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا." وتیشی هیچ پڕۆسەیەکی ئاشکرا لە ئارادا نیە بۆ دوورخستنەوەی ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG