Accessibility links

زێلێنسکی: گەمارۆدانی ڕووسیا بۆ ماریوپۆل تاوانی جەنگە


وێرانکاری بە هۆی هێرشەکانی ڕووسیا لە ماریوپۆل
وێرانکاری بە هۆی هێرشەکانی ڕووسیا لە ماریوپۆل

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی گەمارۆدانی ڕووسیا بۆ شاری بەندەری ماریوپۆل " تیرۆرێک بووە کە بۆ چەندین سەدە بەبیردێتەوە" لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ناوخۆ گوتیان هەزاران نیشتەجێی ئەو شارە لەلایەن ڕووسیاوە بە زەبر لە سنوور گیراون.

ئەنجومەنی شار لە بەیاننامەیەکدا لە کەناڵی تەلگرام لە درەنگانێکی ڕۆژی شەممەدا گوتی: "لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، هەزاران هاووڵاتی ماریوپۆل بۆ ناو خاکی ڕووسیا دیپۆرتکرانەوە ".

ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕووسیا ڕایانگەیاندووە کە پاسەکان ئەو کەسانەیان گواستۆتەوە بۆ ناو خاکی ڕووسیا لەو ڕۆژانەی دواییدا، کە مۆسکۆ بە پەنابەران لە ماریوپۆلەوە ناوی بردوون.

ئەنجومەنی ماریوپۆل گوتیشی هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی شەممە قوتابخانەیەکی هونەری شارەکەیان بۆمباران کردووە کە تێیدا 400 هاووڵاتی خۆیان حەشاردابوو، بەڵام ژمارەی تەواوی کوژراوەکان تا ئێستا نەزانراوە.

ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە کەهاوڵاتیانی مەدەنی بکەنە ئامانج.

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ڕاگەیەندراوێکدا درەنگانێکی شەوی شەممە گوتی" گەمارۆدانی ڕووسیا بۆ ماریوپۆل تاوانی جەنگ بووە، کارێکی ئەوها بە شارێکی ئارام بکرێت، تیرۆرێکە کە بۆ چەندین سەدە یادی دەکرێتەوە".

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ڕوسیا پێویستبووە، هەرچەندێکە کارێکی "ئاسان و خۆش نەبووە".

سەرۆکی ئۆکرانیا داوای گفتوگۆیەکی ئاشتی ماناداری کردووە لەگەڵ ڕووسیادا، ئەمەش لەپێناو ڕاگرتنی داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا. وتیشی ئەگەر ئەوە ڕوونەدات ئەوا ڕووسیا " چەند نەوەیەکی دەوێت " تاوەکو قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە لەم جەنگەدا توشی بووە.

شایانی باسە زۆرێک لە 400 هەزار دانیشتوانەکەی ماریوپۆل بۆ زیاتر لە دوو هەفتەیە لە ناو شارەکەدا عاسیبوون، لە کاتێکدا ڕووسیا دەیەوێت کۆنترۆڵی شارەکە بکات. دەستگرتن بەسەر ئەو شارە دەبێتە هۆی ئەوەی نیمچە دوورگەی کریمیا بەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە ببەسترێتەوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە جوداخوازەکانی سەر بە ڕووسیایە.

XS
SM
MD
LG