Accessibility links

کەشتییەکی بارهەڵگری ئیماراتی لە نزیک ئێران نوقم دەبێت 


میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کەشتییەکی بارهەڵگری میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) لە ئاوی کەنداو لە نزیک ئێران نوقم بووە و ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و ڕزگارکردندا، لە کۆی 30 کەسی دەستەی نێو کەشتییەکەدا 16 کەسی ڕزگار کردووە.

بەرپرسێکی ناوخۆیی پاراستنی دەریایی بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ڕاگەیاند "کەشتییەکی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلی ئیمراتی لە دووری 50 کیلۆمەتری بەندەری عەسەلویە نقوم بووە و ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ ڕزگارکردنی دەستە 30 کەسیەکەی دەستیپێکردووە".

بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی ڕایگەیاندوە 16 کەس لەو 30 کەسە ڕزگار کراون.

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی قەیرانەکانی پارێزگای بوشهر بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی ئێرانی ڕاگەیاند "لە ڕێگای هەوڵی تیمەکانی فریاگوزارییەوە 16 کەس لە دەستەی کەشتییەکە ڕزگارکراون و گەڕان بەدوای 14 کەسی دیکەی دەستەکەدا بەردەوامە".

ئاژانسی کەشناسی ئێران ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دابوو لەمەڕ بای تووند و قورسی دەریا لەئاوەکانی عەسەلویەدا.

بەرپرسەکە وردەکاری زیاتری لەبارەی کەشتییەکەوە نەخستەڕوو.

شارۆچکەی عەسەلویە جیا لەوەی بەندەرێکی گەورەیە، ناوەندێکی گەورەی پترۆکیمیاییەشە لە کەناری کەنداوی باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری بوشهر.

ئیمارات سەرەڕای پەیوەندیە نزیکەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا، هێشتا وەک هاوبەشێکی گەورەی بازرگانی ئێرانیش ماوەتەوە.

هەردوو وڵات لە ساڵی 2016دا لە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان کەمکردەوە.

بەڵام سەردانێکی دەگمەن بۆ تاران لەلایەن بەرپرسێکی باڵای ئیماراتەوە لەمانگی 12دا بوو بە هۆی دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

XS
SM
MD
LG