Accessibility links

ڕێکارە نوێکانی کۆشکی سپی بۆ نەهێشتنی جیاوازی مووچە لەسەر بنەمای ڕەگەز و جێندەر بۆ کارمەندانی حکومەت 


سەرۆک جۆو بایدن
سەرۆک جۆو بایدن

بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن ڕۆژی سێشەممە، 15 ئەم مانگە یادی ڕۆژی یەکسانی مووچەی کردەوە.
ڕۆژی یەکسانی مووچە هێمایەکە بۆ سەرنج خستنە سەر ئەو کاتژمێرە زۆرانەی کە ژنان دەبێت کاری تێدا بکەن بۆ ئەوەی بڕی موچەکەیان بە قەد مووچەی پیاوێک بێت کە لە یەک ساڵدا وەریدەگرێت. ساڵی ڕابردوو یادی ئەم ڕۆژە لە 24ی مانگی 3 دا کرایەوە.
ژنانی ئەمەریکایی بە شێوەیەکی گشتی بەرامبەر بە هەر دولارێک کە پیاوێک لەو وڵاتەدا وەریدەگرێت، 83 سەنت وەردەگرن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم جیاوازییە بۆ ژنانی ڕەش پێست، ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان، خەڵکی لاتینا و هەروەها هەندێک لە ژنانی ئاسیایی زۆرتر و بەرچاوترە.
سەرۆک جۆو بایدن زنجیرەیەک بڕیاری بۆ بەرزکردنەوەی دادپەروەری لەدانی موچە و شەفافیەت لە هێزی کاری فیدڕاڵیدا ڕاگەیاند، لەوانە یاسایەکی پێشنیارکراو کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردنی ئاژانسەکانی فیدڕاڵی لە بەکارهێنان و بەرچاوگرتنی پێشینەی مووچەی داواکارانی کار لە پرۆسەی وەرگرتنیاندا.
قەدەغەکردنی بەکارهێنانی پێشینەی مووچەی داواکارانی ئیش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە شکاندنی سوڕی جیاکاری لە مووچەی ژنان و کرێکارانی کە سپیپێست نین لەو کاتەی دەیانەوێت پیشەکەیان لە کارێکەوە بۆ کارێکیتر بگۆڕن.
بایدن لە لێدوانێکدا لە کۆشکی سپی گوتی "هیوادارم ئەم بڕیارانە نمونەیەک بن بۆ هەموو کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی بتوانن بە هەمان شێوە پەیڕەوی بڕیارەکان بکەن".
بڕیارەکانی بەڕێوبەرایەتی بایدن ئەو جیاوازی و جیاکارییانەی لە کەرتی تایبەتیدا هەیە ناگرێتەوە. هەندێک لە پیشەسازیەکان جیاوازییەکی بەرچاویان تێدایە. لە بواری دارایی و زانستدا، بە تێکڕایی پیاوان بەلایەنی کەمەوە 30 هەزار دۆلار زیاتر لەو ژنانە وەردەگرن کە هەمان کاریان هەیە.
لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپایی داوا لە خاوەنکارەکان دەکەن کە داتای مووچەکان بڵاو بکەنەوە یان داوای دەستڕاگەیشتنی کارمەندەکان بەو داتانە دەکەن بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شەفافیەت لە کەرتی تایبەتیدا بە پێویست نازانێت.
لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی ئۆبامادا کۆمپانیا گەورەکان ناچار بوون ئەو داتایانە بڵاو بکەنەوە کە مووچەی کارمەندەکانیان کە لەسەر بناغەی ڕەگەز و جێندەر لە خۆدەگرێت. بەڵام بەڕیوبەرایەتی ترامپ لەژێر فشاری گروپە بازرگانیە گەورەکاندا لە ساڵی 2017دا یاساکەی ڕاگرت.
کۆشکی سپی وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە کە ئایا بەرپرسان پلانیان هەیە بۆ دووبارە زیندوو کردنەوەی ئەو یاسایە یان نا.
ڤاسو ڕێدی، ڕاوێژکاری باڵای سیاسەت بۆ دادپەروەری ئابووری، بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە بەرێوبەرایەتی بایدن لە مانگی 9 وە خەریکی شیکردنەوەی ئەو داتایانەیە کە لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە کۆی کردوونەتەوە بۆ پیشاندانی کەلێنی مووچەی کارمەندان لەسەر بنەمای ڕەگەز و جێندەر.
بارودۆخی جیاوازی مووچە و کارکردنی ژنان و پیاوان لەوەتەی بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەرەو خراپتر بوون ڕۆیشتوە. ژنان جیا لە کاری دەرەوە دەبێت ئاگایان لە منداڵان و ئەندامانی خێزانەکانیشیان بێت.
هەندێک لە شارەزایان باس لەوە دەکەن کە پێدانی مووچە بەو کەسانەی دەبنە خاوەنی منداڵێکی نوێ، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئەو کەلێنەدا.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاکە وڵاتی پێشکەوتووە کە پرۆگرامی مووچەدان لە کاتی منداڵداربووندا بۆ کارمەندانی حکومەت دابین ناکات و تەنها لەسەدا 23ی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت ئەو مافەیان بۆ دابین دەکرێت.
لە ئەمەریکا لە هەر چوار ژنی کارمەند، یەکێکیان لە ماوەی 10 بۆ 14 ڕۆژ دوای ئەوەی منداڵەکەی لە دایکدەبێت دەگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی.
بڕیاڕ و یاسا پێشنیارکراوەکانی بایدن بە دوای دابینکردنی مووچە لە کاتی مۆڵەت وەرگرتنی خێزانیدا بوو بۆ کارمەندانی حکومەت، بەڵام پڕۆژە یاسای 2 تریلیۆن دۆلاری خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆنگرێسدا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە ، نەک تەنها لە لایەن کۆمارییەکانەوە بەڵکو تەنانەت لە لایەن سیناتۆری دیموکرات جۆی مەنشینەوە دژایەتی دەکرێت.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە، جێگری سەرۆک بایدن، کامڵا هێرس، کە یەکەم ژنە وەک جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاین بوو لە رۆژی یەکسانی مووچەدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەت و وەرزشوانان و بەڕیوبەرانی جێبەجێکار.
هێرس لەو دانیشتنەدا گوتی " نەهێشتنی کەلێنی نێوان مووچەی ژنان و پیاوان نەک تەنها پرسێکی ئەخلاقییە بەڵکوو پرسێکی بازرگانیشە."
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی "ئەگەر بمانەوێ بەردەوام بین لە گەشەدان بە ئابوورییەکەمان و لە پێشبڕکێکردن و پێشەنگی جیهان لە سەدەی 21دا، ئەوا ناتوانین نیوەی هێزی کارمان پشتگوێ بخەین."

XS
SM
MD
LG