Accessibility links

نازەنین زاغری پاش نزیکەی 6 ساڵ زیندانیکردنی لە ئێران، ئازاد دەکرێت  


پارێزەری نازەنین زاغری ڕاتکلیف و ئەنوشە ئاشووری ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندەوە ئەو دوو زیندانیە کە هاووڵاتی هەردوو وڵاتی ئێران و بەریتانیان و چەند ساڵێکە لە ئێران لە زینداندان، ئەمڕۆ بەرەو فڕۆکەخانەی تاران بەڕێکەوتون بۆ ئەوەی ئێران بەجێبهێڵن.

حوجەت کرمانی ڕایگەیاند "هەردووکیان بەرەو فڕۆکەخانەی تاران بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی ئێران بەجێبهێڵن." بەرپرسانی دەزگای دادوەری ئێران بۆ لێدوان لەو بارەیەوە لە بەردەستدا نەبوون.
هەر لەم بارەیەوە، تولیپ سیدیق، پارلمانتاری بەریتانیایی لە تویتەری خۆیدا ڕایگەیاندوە کە نازەنین لە فڕۆکەخانەی تارانە و لە ڕێگای ماڵەوەیە بەرەو بەریتانیا.

زاغری ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری پرۆژەی دەزگای تامسۆن ڕۆیتەرز لە مانگی 4ی ساڵی 2016 لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیرکرا و دواتر لەلایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە پیلانگێڕان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئێسلامی تۆمەتبار کرا.
هەروەها ئەنوشە ئاشووری لە ساڵی 2019دا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ موسادی ئیسرائیل بە 1o ساڵ زیندان و بە تۆمەتی دەستکەوتنی سامانی ناشەرعیش بە 2 ساڵ زیندانی سزا درا.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای گفتوگۆکانی تاران و لەندەن دێت دەربارەی قەرزێکی 400 ملیۆن پاوەندی کۆن کە ئێران دەڵێت حکومەتی پێشووی ئێران بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی داوێتی بە بەریتانیا بەڵام بە هۆی شوڕشی ئێرانەوە بەریتانیا کەرەستە سەربازییەکانی نەداوە بەو وڵاتە و لە ئێستادا داوای ئەو پارەیە دەکات.

لە کاتێکدا حکوومەتەکانی بەریتانیا و ئێران ڕایانگەیاندوە هیچ پەیوەندیەک لە نێوان ئەو قەرزە و کەیسی زاغری ڕاتکلیفدا نییە، بەڵام میدیاکانی دەوڵەتی ئێران لە ساڵی 2021دا لە زاری هەندێ بەرپرسی حکومەتەوە کە ناوەکانیانی ئاشکرا نەکردبوو، ڕایانگەیاندبوو ئەو زیندانییە کاتێک ئازاد دەکرێت کە بەریتانیا قەرزەکەی بداتەوە.

لیز ترەس وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ڕۆژی چوارشەممە گوتی بەریتانیا بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە بتوانێت ئەو قەرزە کۆنە 400 ملیۆن پاوەندییەی ئێران بداتەوە.

XS
SM
MD
LG