Accessibility links

برینەکانی هەڵەبجە 34 ساڵ پاش هێرشی کیمیایی بۆسەر شارەکە


سی و چوار ساڵ بەسەر کارەساتی هێرشی کیمیایی بۆسەر شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا ئەو ڕۆژە لە هزری ئەو کەسانەدا دەرناچێت کە بە چاوی خۆیان کارەساتەکەیان بینیوە. بریندارەکان هێشتا بەدەست کاریگەرییەکانی ئەو هێرشەوە دەناڵێنن کە لە 16 ی سێی 1988 کرایە سەر شارەکەیان لە کاتێکدا دەیان دایک و باوکی هەڵەبجەیی هێشتا چاوەڕوانی گەڕانەوەی منداڵە ونبووەکانیان دەکەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 35 ملیۆن دۆلاری بۆ یادکردنەوەی کارەساتی هەڵەبجە لەمساڵدا تەرخان کردووە، لە کاتێکدا کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بایکۆتی یادەکەیان کردووە. دکتۆر موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی، کە حزبەکەشی بایکۆتی یادەکەی کردووە، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "دوای 34 ساڵ لەو کارەساتە ئێستاش (هەڵەبجە) کەمترین خزمەگوزارییە پێویستییەکانی تیادا نییە. ئێستاس بە پارێزگاربوونی هەڵەبجە نەبووەتە واقیع و تەواو نەبووە. سەرباری ئەو هەموو بەدواداچونەی کە ئێمەی پەرلەمانتار و خەڵکی ئەو دەڤەرە کردومانە بۆ ئەو کەیسە، حکومەتی هەرێم هێشتا دامودەزگا پێویستییەکانی دروستنەکردووە، ژێرخانی پێوستی هێشتا دابیننەکردووە، چارەسەری بریندارانی کیمیابارانی نەکردووە، ژمارەیەک خەڵک سلفەیەکی عەقاریان دراوەتێ وەک کەسوکاری شەهیدان بەڵام دواتر نەیاندراوەتێ و چەندین ساڵە خەریکە خانوەکانیان دەبێتە کەلاوە، بەدەیان خزمەتگوزاری دیکەی لەمانە کە پێویست بوو حکومەتی هەرێم بیکات نەیکردووە."

دکتۆر موسەنا ئەمین
دکتۆر موسەنا ئەمین

دکتۆر موسەنا ئەمین دەشڵێت " لە یادێکی ئاوا سەنگین و بە غەدرەدا خەڵک ئەوەندە ناڕازییە لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت ناچاربووە بووە پەناببات بۆ بایکۆتکردنی ئەو یادەو ئەمەش لەدەرئەنجامدا لە شکۆی ئەو یادە، لە پێگە، لە سمبوڵی ئەم یادە کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆکار رەنگە بۆ پەراوێزخستنێکی زیاتر بەڵام هیوادارین حکومەت لەمەدا پەندێک وەربگرێت و ئاماژەیەک وەربگرێت کە خەڵک چیترئەم پەراوێزخستنەی قبوڵ نییە، پێویستی بە هەڵوێستێکی نوێیە."

بەڵام عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان درێغیمان نه‌كردووه‌ بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی كه‌سوكاری شه‌هیدان به‌تایبه‌تی به‌ركه‌وتوانی چه‌كی كیمیاوی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان هاتبێت درێغیمان نه‌كردووه‌ به‌ڵام هه‌ندێكیان برینه‌كانیان قوڵه‌ به‌رده‌وام بوونی ده‌وێت له‌ چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی، وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی پێی كراوه‌ كردوویه‌تی پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامیشه‌".

ئەوانەی ئەو ڕۆژەیان بیرە دەڵێن کارەساتێک بوو کە هەرگیز بیریان ناچێت. دکتۆر کۆچەر وەڵەدبەگی لە کاتی کارەساتی هەڵەبجەدا تمەنی نزیکەی پێنج ساڵان بوو ئەو خەڵکی کوردستانی ئێرانە بەڵام وەک خۆی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لە ڕۆژی 16 ی سێی 1988 لەگەڵ دایک و خوشک و برایەکی لە هەڵەبجەبوون. 34 ساڵ پاش ئەو کارەساتە دکتۆر وەڵەدبەگی دەڵێت " ئەمڕۆژە ناخۆشیەکانی ژیانی منداڵێكی کوردم بیردەخاتەوە، ئەوەی کە نەیتوانی منداڵ بمێنێت. مردنم بیردەخاتەوە، جەنازە، ئەوەم بیردەخاتە کاتێک بەسەریاندا تێدەپەڕیم، ھەستم بە مەرگ و نەمان دەکرد. ئێش و ئازارم بیر دەخاتەوە، دەنگی فڕۆکە، ھاوار و قیژە، تاریکی و دووکەڵم بیر دەخاتەوە. ھاواری ئەو دایکەی کە منداڵەکانی ون ببون و نەیدۆزینەوە، قیژەی ئەو ژنە دووگیانە کە منداڵی ئەبوو، بێ بایەخ بوونی کات و شوێنم بیر دەخاتەوە، ھەناسە ساردەکان!."

دکتۆر کۆچەر وەڵەتبەگی
دکتۆر کۆچەر وەڵەتبەگی

ئەو دکتۆرەی کە وەکو پەنابەرێک بە منداڵی ڕووی لە وڵاتی سوید کرد و لەوێ بڕوانامەی پزیشکی بەدەستهێناوە دەڵێت ڕابردووی کاریگەریی هەبووە لەسەر ئەم ژیانەی کە بۆ خۆی دابینی کردووە " بە دڵنیایەو ئەو ئێش و ئازارە وای کرد کە ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەم بەرامبەر بە کەسانی دەوروبەرم، بەرامبەر بە خەڵک و نەتەوەکەم. ئەوەی کە من بینیم و چەشتم، نابێ نە منداڵەکەی خۆم و نەھیچ منداڵێکی دیکە بیبینێت. ھەستم کرد کە پێویستە بە شێوەیەک لە شێوەکان وەڵامی زەحمەت و نەھامەتییەکانی دایک و بابێکی پێشمەرگە بدەمەوە." دکتۆر وەڵەتبەگی دەشڵێت بۆیە پیشەی زانستی تەندروستی هەڵبژاردووە چونکە " لە بنەڕەتدا لەسەر ئەساسی یارمەتی خەڵکی و ئەوانەی کە ئێش و ئازار دەکێشن دامەزراوە و من هەوڵم داوە و بەردەوامیش هەوڵ دەدەم ئێش و ئازارەکان کەمبکەمەوە."

ئەکرەم محەمەد مەحمودیش یەکێکی ترە لە ڕزگاربوانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە لە دەمی کارەساتەکدا منداڵ بوو، ئەو ئێستا لە مۆنۆمێنی هەڵەبجە کاردەکات و ڕۆژانە بەسەرهاتی خۆی بۆ سەردانیکەرانی ئەو مۆنۆمێنتە دەگێڕێتەوە و بە دەنگی ئەمەریکای گوت " لە خێزانەکەمدا هەر خۆم ماوم." ئەکەرەم محمەد یەکێکە لەو منداڵانەی کە لە نێو ئەو پیکابەدا بوون کە پڕە کە قوربانیان و دیمەنەکەی بووە بە یەکێکە لە دیمەنە هەرە دیارەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە. ئەو گوتیشی " کاتێک سواری ئەو دۆجە( ئۆتۆمبێل) بووین بەهۆی قەرەباڵغی چەند جارێک نەفەرمان لێکەوتە خوارەوە، شۆفێرەکەش دابەزی کە خەڵکەکە سەرخاتەوە ئیتر خۆی نەیتوانی سەیارەکە لێبخوڕێت. ئیتر ئێمە ئەو شەوە لە نێو ئۆتۆمبێلەکە ماینەوە تا بەیانی 17ی مانگ ئەوجا تیمەکان هاتن و ئێمەیان ڕەوانەی ئێران کرد."

ئایە ئەم کارەساتە تا چەندێک کاریکردووەتە سەر ئەو نەوەی نوێی هەڵەبجە، دەرونناس فریشتە کەوە لە وتووێژێکدا کە پێشتر لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سازی کردبوو گوتی هەر لە کۆنەوە خەڵکی هەڵەبجە خەڵکانێکی بەهێزن، نمونەی زۆر جوانیش هەن کە چۆن خۆیان بوون بە دەروونناسی خۆیان و زۆر سەرکەوتوو بوون، بەڵام نکوڵی لەوەش ناکات کە باری دەروونی باوک و دایک کاردەکاتە سەر نەوەی داهاتووش " دواین توێژینەوەی زانستی دەریخستووە ئەو منداڵانەی لەگەڵ دایک و باوکێکدا دەژین کە کارەساتێکی دڵتەزێن و گۆڕانئامێزیان بینیوە زیاتر لە خودی کارساتەکە کاریگەری دەبێت بەسەریاندا."

دکتۆر موسەنا ئەمین سەبارەت بە نەوەی نوێی هەڵەبجە دەڵێت "نەوەی ئێستا نەوەیەکە چاوی کردۆتەوە لەگەڵ دەرهاوێشتەکانی ڕاپەڕین و لەگەڵ ئازادییەکی ڕەها لەگەڵ فەوزا سەردەمێک لەگەڵ شەڕی ناوخۆ و دواتر لەگەڵ کێشمەکێشی سیاسی لەنێوان حیزبەکانی دەسەڵات. دواتر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، نەوەیەک مامەڵە دەکات لەگەڵ میدیا و میدیای نوێ و دواتر سۆشیاڵ میدیا، میدیایەکی خێرا میدیایەک بە شۆڕشی زانیارییەوە، بیگومان ئاستی فەرهەنگی و زانیاری پێشکەوتووترە ئێستا لەناو ئەم نەوە نوێیەدا، بۆیە بەدڵنیاییەوە چاوەڕوانی ئەم نەوەیەش لە حکومەت و دامەزراوەکانی دەسەڵات زۆر زیاتر و بەهێزترە، وە حکومەت دەبێت لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەدا مامەڵە لەگەڵ ئەوە بکات کە نەوەیەکە ئاگای لە هەموو زانیاری و داتاکانە، وە بە ئاسانی ناخافڵێنرێت و ناخەڵەتێنرێت." هەروەها دەشڵێت "ڕەنگە ئەم هۆشیاری و بەردەستبوونەی زانیاری و پانتایی فەزای ئازادی میدیایی و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سایەی ئەو حکومەتە و ئەندازەیەک لە هەندێک لە سیماکانی ئازادی و دیموکراسی کە بەردەستخراوە بۆ خەڵک وە ئەم ژینگەیەش کاریگەری هەیە لەسەر هۆشیاری و بونیادی کەسەکان و لەسەر هەڵوێستگیریان، ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە گرنگترین ئەو ئاماژەو جیاوازیانەی کە لەنێوان نەوەی پێشوو و نەوەی نوێ و نەوەی دوای ئەم کارەساتەدا هەیە."

ڕۆژی 16 ی مانگی سێی ساڵی 1988 لە کاتێژمێر نزیکەی 11 ی بەیانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی پێشوی عێراق بە گازی خەردەل، سارین و دەمار هێرشێکی گەورەیان کردە سەر شاری کوردنشینی هەڵەبجە.

نزیکەی 5 هەزار لەو ڕۆژەدا کوژران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و مەزەندەدەکرێت 10 هەزار کەسی تریش بەهۆی کاریگەرییەکانی هێرشەکەوە زیانی تەندروستی درێژخایانیان پێگەیشتبێت، لەوانە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە، لە دەستدانی بینین، هەوکردنی سییەکان و نەزۆکی.

پەیامنێرمان لە هەڵەبجە فەرحان هەورامانی هاوکاری کردووە لە نوسینی ئەم ڕاپۆرتە.

XS
SM
MD
LG