Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا شازدەهەمین ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی "خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێر" بەڕێوەدەبات


شازدەهمین ڕێوڕەسمی "خەلاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێر" ڕۆژی دووشەممە 14ی مانگی 3 بە ئامادەبوونی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جیل بایدن، خانمی یەکەمی ئەمەریکا و لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

ئەنتۆنی بلینکن لە سەرەتای مەراسیمەکەدا گوتی ملیۆنان ژنی ئۆکرانی بەهۆی داگیرکارییەکانی ڕووسیاوە ئاوارە بوون و ملیۆنان ژنی دیکەش لە دژی هێزە داگیرکارانی ڕووسیا لە وڵاتەکەیاندا دەجەنگن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تایبەتی ئاماژەی بە ناوی هونەرمەند و چالاکوانی ئۆکرانی روسڵانا لیژیچکۆ کرد وەک یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێری ساڵی 2014 کە لە ئێستادا لە ئۆکرانیادایە بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی ئەو شەڕەی بەرۆکی ئۆکرانیای گرتوە بۆ خەڵکی جیهانی بگوازێتەوە.

پاشان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵی لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بە هۆی کۆت و بەندەکانی پەتای کۆرۆناوە بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەچوو، ناساند.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا جیل بایدن، خانمی یەکەمی ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ژنان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا کرد و گوتی ژنان هەرگیز بێدەنگ نەبوون، بەڵکو بە زبری توندوتیژی و ڕق و کینە و جیاکارییەوە گۆشەگیر و بێدەنگ بوون.

خانمی یەکەمی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی دڵتەزێنی ژنان لە ئۆکرانیا کرد، لەوانەش بۆمبارانکردنی بەشی لەدایکبوونی منداڵان لە نەخۆشخانەیەکی ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە و گوتی ئەو دڕندەییە جێگای سەرسوڕمانە.

جیل بایدن گوتی بە بێ دەنگ و بوونی ژنان، هیچ دیموکراسی و ئاشتی و ئارامییەکی ڕاستەقینە ناتوانێت بێتە ئاراوە.

دوای وتارەکەی خانمی یەکەم، لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لەنەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد و لە وتارەکەی خۆیدا ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی ژنانی براوەی خەڵاتی ئەمسال لەبوارە جیاجیاکاندا، لەوانەش ڕۆڵەکەیان لە دامەزراندنی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و دەستدرێژی سێکسیدا.

گرینفیڵد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی کرد بە ناوی خاتوون فام دونگ ترانگ، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ کە خەڵکی ڤیتنامە و یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵە و لە ئێستادا بە هۆی چالاکییەکانییەوە لە ڤیتنام لە زینداندایە.

لە مەراسیمەکەی ڕۆژی دووشەممەدا، 12 ژن لە وڵاتەکانی بەنگلادیش و بەرازیل و میانمار و کۆلۆمبیا و عێراق و لیبێریا و لیبیا و مۆڵدۆڤا و نیپاڵ و ڕۆمانیا و ئەفریقای باشوور خەڵاتی نێونەتەوەیی ژنانی بوێریان پێبەخشرا لە پێناو ئەو کار و چالاکییانەی لە بوارە جیاوازە مرۆییەکاندا پێشکەشیان کردوaە.

XS
SM
MD
LG