Accessibility links

ئەمەریکا مانگانە 2 ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی پۆمپیۆ و یاریدەدەرەکەی لە هەڕەشەکانی ئێران خەرج دەکات


مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە مانگانە زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی دوو بەرپرسی پێشووی حکومەتی ئەمەریکا خەرج دەکات.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوە و برایان هوک، یەکێک لە راوێژکارانی باڵا و نێردراوی پێشووی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕووبەڕووی هەڕەشەی "ڕاستەقینە" لەلایەن ئێرانەوە بوونەتەوە، و لەبەر ئەوەش دەبێت ڕۆژی 24 کاتژمێر پارێزگاریان لێبکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت خەرجی پاراستنی پۆمپیۆ و برایان هوک لە نێوان مانگی 8ی ساڵی 2021وە بۆ مانگی 2ی ساڵی 2022، بڕی 13 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار تێچووە.

پۆمپیۆ و هوک دوو لەو کەسایەتی و بەرپرسانەی بەڕێوبەرایەتی پێشووی ئەمەریکا بوون کە لایەنگری هەڵمەتی "زۆرترین فشار" بوون لە دژی ئێران و دوو کەسایەتی ناسراوی میدیاکانن.

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن دەڵێت بە پێێ هەڵسانگاندنەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، هەڕەشەکانی سەر ئەو دوو کەسە لەو کاتەوە کۆتایی بە پۆستەکەیان هاتووە تاکو ئیستا وەک خۆی ماوەتەوە، و لەوانەیە زۆرتریش ببن. ڕاپۆرتەکەی ئەو وەزارەتە دەڵێت هەڕەشەکان دژی ئەو دوو کەسە تەنانەت لە کاتێکدا بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن سەرقاڵی دانوستانی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئێراندا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوینە ناوکییەکەی ساڵی 2015، بەڵام هەڕەشەکان هەر بەردەوام بوون.

پۆمپیۆ وەک وەزیری پێشووی دەرەوە دوای جێهێشتنی پۆستەکەی لەلایەن نوسینگەی ئاسایشی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوە بۆ ماوەی 180 ڕۆژ پارێزگاری لێکراوە، بەڵام ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت ئەم پاراستنە لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن بۆ ماوەی 60 ڕۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەم زوانە وادەی پاشکۆی پاراستنی 60 ڕۆژەی پۆمپیۆ کۆتایی دێت، و وەزارەتی دەرەوەش لەگەڵ بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتمانی دەبێت تا 16ی مانگی 3 بڕیار بدات کە ئایا دەبێت پارێزگارییەکە دڕێژ بکرێتەوە یان نا.

ئەو ڕاپۆرتە بۆیە ئامادەکراوە چونکە بودجەی پاراستنی تایبەت لە مانگی 6دا تەواو دەبێت، و دەبێت لە ئەگەری پێویستبوونی درێژکردنەوەی ماوەکەدا بۆ پاراستنی پۆمپیۆ، پارەی زیاتر دابین بکرێت.

بەرپرسانی ئێران بەبەردەوامی ڕایانگەیاندوە کە دەبێت تۆڵە لەو کەسانە بکەنەوە کە لە مردنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی قودس بەرپرس بوون.

XS
SM
MD
LG