ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لەسەر نەخشەڕێگایەک لەگەڵ ڕێکخراوی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کە دەشێت ئەم هەنگاوە یارمەتیدەربێت بۆ بوژانەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 ، بەڵام ڕووسیا داوایەکی لە ئەمەریکا کردووە کە دەشێت وتووێژەکان تێکبدات.
ڕووسیا دەڵێت گەرەنگی نوسراوی دەوێت لە ئەمەریکا کە سزاکانی سەر ڕووسیا زیان بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران نەگەیەنێت لە ژێر ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان کەتاران و واشنتۆن دەیانەوێت زیندوی بکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرگێ لاڤرۆڤ بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە داوای گەرەنتی نوسراومان کردووە، ئەو پرۆسەیەی ئێستا کە لەلایەن ئەمەریکاوە هەڵگیرساوە بە هیچ شێوەیەک زیان بە مافەکانمان نەگەیەنێت بۆ بازرگانی تەواو و ئازاد، هاوکاری ئابوری و وەگەڕخستن و هاوکاری تەکنیکی لەشکری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا."
لاڤرۆڤ گوتیشی سزاکانی سەر ڕووسیا بەهۆی قەیرانی ئۆکرانیا بووەتە هۆی "کێشە" لە دیدی مۆسکۆوە."
ڕاگەیاندنەکەی ئێران لە کاتێکدایە کە هەموو لایەنەکانی کە بەشداری لە وتووێژی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران بۆ بۆژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی، ڕایانگەیاند نزیکن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە ڤییەنا.
بەرپرسی ناوکی ئێران محەمەد ئەسلەمی لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕافایل گرۆسی بەرپرسی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) ڕایگەیاند " ئێمە ڕازی بووین بەوەی هەتا کۆتایی مانگی خورداد ( کە دەکاتە 21 ی مانگی شەش) هەموو بەڵگەکان لەسەر پرسەکانی نێوان ئێران و ئاژانسەکە بخەینە بەردەست IAEA."
گرۆسی ئێوارەی ڕۆژی هەینی گەیشتە تاران بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە. ئەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " گرنگە تێگەیشتن هەبێت بۆ کارکردن پێکەوە، بۆ کارکردنێکی زۆر ورد." گوتیشی " بەبێ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، هەوڵەکان بۆ بوژانەوەی ڕیککەوتنە ناوکییەکە ڕەنگە مەحاڵ بێت.