Accessibility links

ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا بەهۆی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ژنێکی ئەندامی پێشووی داعش، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەوەی دەکشێتەوە


ڤان تەیلەر نوێنەری تێکساس لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی بە هەڵمەتەکانی بۆ هەڵبژاردنەوەی هێنا و دانی بەوەشدا نا سەرباری ئەوەی کە لە ژیانی هاوسەریدایە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کەسێکی تردا هەبووە.

بە پێی میدیاکانی ئەمەریکا ئەم هەنگاوەشی پاش ئەو ڕاپۆرتانە بوو کە دەڵێن لەگەڵ ژنێکی لەدایکبووی ئەمەریکا کە خەڵکی ڕاکێشاوە بۆ ناو گروپی تیرۆرستی دەەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پەیوەندی هەبووە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان لەسەر پەیوەندی تیلەر لەگەڵ تانیا جۆیا، کە پێشتر توندڕەوێکی ئیسلامی بوو و ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات خەڵک دوور بخاتە لە توندڕەوی و تێکەڵ بە کۆمەڵگایان بکاتەوە، لە ماڵپەڕە هەواڵییەکانی کۆمارییەکانەوە سەری هەڵدا هاوکاتی هەڵبژاردنەکانی نێو حزبەکە بۆ کاندیدەکانیان.

جۆیا بە ڕۆژنامەی داڵاس مۆرنینگ نیوزی گوتووە کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ تەیلەر لە مانگی دەی ساڵی 2020 بۆ مانگی شەشی ساڵی 2021 بووە.

ڕۆژنامەی داڵاس مۆرنینگ نیوز دەڵێت تەیلەر ڕۆژی چوارشەممە لە نامەیەکدا بە پشتیوانانی ڕاگەیاند لەسەر هەوڵەکانی بۆ خۆهەڵبژاردنەوەی بەردەوام نابێت و گوتویەتی " نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، هەڵەیەکی زۆر خراپم کرد کە بووە هۆی ئازارێکی زۆر بۆ ئەو کەسانەی لە ژیانمدا لە هەموو کەس زیاتر خۆشم دەوێن. من پەوەندییەکم هەبوو، هەڵە بوو و گەورەترین شکستی ژیانم بوو."

ئەو هەروەها داوای بەخشینیش دەکات " بەم ڕەفتارە نابەجێیەم زۆرترین ئازارم بە ئانای هاوسەرم و سێ کچەکەمان گەیاندووە. چەندین مانگە من و ئانا کار دەکەین بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی ڕەفتارەکانی منەوە ڕوویانداوە. من شایستەی ئەوەنیم، بەڵام هەتاهەتایە سوپاسگوزارم بۆ خۆشەویستی و لێبوردەیی ئەو."

XS
SM
MD
LG