Accessibility links

ئەنجومەنی ژینگە پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەسەر پاشماوە پلاستیکیەکان پەسەند دەکات


ئەنجومەنی ژینگە پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەی نایروبی دا، بڕیارێکی پەسەند کردووە سەبارەت بە دۆسیەی پلاستیک و ناسازی ژینگە. هەروەها داوای دوو ساڵ دانوستان دەکات بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر و نێودەوڵەتی لەسەر بەکار‌هێناوەی کەرەستە و کەلوپەلە پلاستیکیەکان.

نوێنەرانی 175 وڵات لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتنێکیان پەسەند کرد کە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی پلاستیکدا دەکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ساڵانە 400 ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێنرێت و ئەو ژمارەیەش تا ساڵی 2040 بۆ دوو هێندە زیاد دەبێت.

ڕواندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پلاستیکی لە وڵاتەکەدا قەدەغە کردووە و هەوڵی جیهانێکی بێ پلاستیک دەدات.

جین موجوماریا وەزیری ژینگەی ڕواندا گوتی وڵاتەکەی سوودێکی زۆر دەبینێت لە ڕێوشوێنە جیهانیەکان بۆ بەکارهێنانی پلاستیک.

گوتیشی ئەگەر بێتوو ئەم ڕێوشوێنانە پەسەند بکرێن ئەوا بە شێوەیەکی بەرچاو سوودی بۆ وڵاتانی وەک ڕواندا دەبێت لەو ڕوانگەیەی ئێمە بەرەو پێشچونێکی باشمان هەیە.

دەشڵێت "گۆڕانکاری جیهانییانەی بە بەرنامە پێویستە ئەگەر ئێمە بمانەوێت ژینگە لەو ناسازییە پاک بکەینەوە کە ئێستا هەیە، هەروەها بەردەوام پەرە بە جێگرەوەکان بدەین و وایان لێبکرێت بتوانرێت جێبەجێ بکرێن."

گفتوگۆ سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە لە ڕێگەی پلاستیکەوە لە ساڵی 2012وە لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بووە.

دووبارە بەکارهێنانەوە بە یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکان دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی پلاستیک.

ئاژانسی لێکۆڵینەوەی ژینگەیی، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی ژینگەییە دەڵێت ئەو شێوازە بەڕێوەبردنەی پلاستیک کە هەیە ناتوانرێت درێژەی پێ بدرێت.

کەمتر لە 10٪ ئەو پلاستیکانەی کە بەرهەم دەهێنرێن دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە، هەورەها 76٪ فڕێدراوە بۆ ناو ژینگە، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەرهەمە پلاستیکییەکان تا ساڵی 2050 سێ ئەوەندە زیاد دەکەن.

ئامینە محەمەد، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند پێویست بە هیچ نیگەرانیەک ناکات بۆ ئاییندە، هەتا ئەگەر پلاستیکیش بەکارنەهێنرێت.

ئامینە دەشڵێت "لە کاتێکدا فێربووین کە پلاستیک جارێکی تر بەکار بێنینەوە، پێویستمان بە ڕێگایەکی زۆر بەهێزترە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە گەورەیە و دڵنیابوون لە گۆڕانی بە بەرنامە لە ڕێگەی کرداری بەهێزەوە بە هەموو ئاڕاستەکاندا، ئێمە پێویستە خواستێکی گەورەمان هەبێت لەسەر ئەوە و خێراتر هەنگاو بنێنین بۆ سەرکەوتن بەسەر ناسازی ژینگەدا، ئەمە پێویستی بە ڕوانینێکی هاوبەش هەیە، هەروەها بە هاوکاری ڕاستەقینەی هەموو لایەک.

هەوڵەکان بۆ ڕزگاربوون لە ناسازی ژینگە بە پلاستیک بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی فڕێدانی پلاستیکە بۆ ناو زەریا و ئۆقیانوسەکان بە ڕێژەی لە %80 تا کۆتایی ساڵی 2040 ، ئامانجێکی تریش دروستکردنی 700,000 کارە تا ئەو کاتە.

جەین پاتتۆن بەڕێوەبەری هەڵمەتی پلاستیک و پترۆکیمیاکان لە سەنتەری یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ، ڕێکەوتنەکە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی پلاستیک ناچار دەکات کە پاشماوەکانی ئەم کەرەستە پلاستیکیانە بەکاربهێننەوە.

دەشڵێت "بڕیارەکە بە تایبەتی داوای وابەستەیی یاسایی دەکات، ئەمەش کارێکی باشە، وەک بینیومانە لەو کۆمپانیایانەی کە ئەم پاشماوە پلاستیکییانە بەرهەم دەهێنن و دەیخەنە ناو ژینگەوە، پابەند نابن، هەتا بە یاسا ناچار دەکرێن، بۆیە ئێمە دڵخۆشین بەوەی کە دەبینین پەیماننامەکە پابەندبوونی یاسایی تێدایە و وابەستەیی خۆبەخشانەشی تێدایە کە لەلایەن حکومەتەوە دەکرێت، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

ئینگەر ئەندەرسن، سەرۆکی پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت پەسەند کردنی پەیماننامەی پلاستیکی گرنگترین ڕێککەوتننامەی ژینگەیی نێودەوڵەتییە لەوەتەی کارا کردنی ڕێککەوتنی کەشوهەوای ساڵی 2016 ی پاریس.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG