هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە، لە چوارەم رۆژی داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیاوە، بەردەوام بوون لە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا و سەربازانی خۆبەخش لە کێیڤی پایتەخی وڵاتەکەدا.
هێزەکانی ڕووسیا چوونە نێو خارکیڤ، دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکە و لەوێ رووبەڕووی بەرگرییەکی گەورە بوونەوە.
هەرچەندێکە بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا، ئایرینا ڤێندیکتۆڤا، گوتی هێزەکانی رووسیا نەیانتوانیووە خارکیڤ بگرن، کە چل کیلۆمەتر لە سنووری ڕووسیاوە دوورە. لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئەسۆشیەتد پرێس گوتی شەڕێکی توند لە نێوان هەردوولادا دروست بووە.
سەرەتای رۆژی یەکشەممە ئۆفیسی سەرۆکی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند هێزەکانی ڕووسیا بۆڕییەکی غازی وڵاتەکەیان تەقاندۆتەوە.
بەیاننامەکە گوتی تەقینەوەکە دەکرێت "کارەساتێکی ژینگەیی" دروست بکات، داوای لە هاوڵاتیانی کرد پەنجەرەکانیان بە پەڕۆی تەڕ دابپۆشن و ئاوێکی زۆر بخۆنەوە بۆ پاراستنی خۆیان لە کاریگەرییەکانی دووکەڵەکە.
راپۆرتەکان هەروەها باسیان لە بۆمبارانکردنی شاڕی دۆنێتسک دەکرد لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە. لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە، ئەو شارە لە ژێر دەستی جووداخوازە ڕووسەکاندایە.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن بەرگریکردنی ئۆکرانییەکان زۆر مەزنترە لەوەی ڕووسەکان چاوەڕێیان کردبوو، بەتایبەتی لە باکووری وڵاتەکە.
رێکخراوی مافی مرۆڤ، ئامنستی ئینتەرناشناڵ، گوتی ڕرووسیا ڕەنگە تاوانی جەنگی لە ئۆکرانیا ئەنجامدابێت چونکە "هیچ گرنگییەکی بۆ گیانی مەدەنی دانەناوە لە هێرشە موشەکییەکانیدا و چەکەکانی دیکەیدا بۆ سەر هەندێک ناوچەی وڵاتەکە کە خەڵکێکی زۆر تیایدا نیشتەجێن."