Accessibility links

کۆریای باکوور تاقیکردنەوە مووشەکیەکانی دەستپێدەکاتەوە


خەڵک سەیری ڤیدیۆیەکی پەخشی تەلەفزیۆنی دەکەن لە سیئۆل لەسەر کۆریای باکوور کە موشەکێکی بالستیکی دەردەخات
خەڵک سەیری ڤیدیۆیەکی پەخشی تەلەفزیۆنی دەکەن لە سیئۆل لەسەر کۆریای باکوور کە موشەکێکی بالستیکی دەردەخات

سەرۆکی ستوونە هاوبەشەکانی کۆریای باشوور ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە کۆریای باکوور موشەکێکی بالستیکی گومانلێکراوی بەرەو دەریا لە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی خۆیەوە لە شوێنێکی نزیک سونان هەڵداوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پیونگ یانگی تێیدایە.

ئەو فڕۆکەخانەیە شوێنی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانبووە کە لە نێویاندا دوو مووشەکی بالستیکی مەودا کورتیش لە 16ی مانگی یەکدا لەوێوە هەڵدرابوون.

سەرۆکی ستوونە هاوبەشەکانی کۆریای باشوورگوتی "موشەکەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە بەرزایی 620 کیلۆمەتری بە مەودای 300 کیلۆمەتر هەڵدراوە.

شیکەرەوەکان دەڵێن داتای فڕینەکە لەگەڵ تاقیکردنەوەکانی پێشتر ناگونجێت. و گوتیان لەوانەیە مووشەکی بالستیکی مەودای مامناوەند بووبێت کە لە ڕێرەویکی بەرزەوە هەڵدرابێت.

نوبۆ کیشی وەزیری بەرگری ژاپون لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی "لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هەڵدانی موشەکەکان بەردەوام بووە و کۆریای باکوور بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی خێرای تەکنەلۆجیای مووشەکی بالستیک"، و گوتیشی کۆریای باکوور هەڕەشە لەئاسایشی ژاپۆن و ناوچەکەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.

فەرماندەی سوپای ئەمەریکا لە ئۆقیانووسی هیندی و ئارام لە لێدوانێکیدا دوای تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکوور گوتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەم کارانە دەکات و داوا لە کۆریای باکوور دەکات کە خۆی لە کردەوە ناسەقامگیرەکان زیاتر دووربخاتەوە"، و هەروەها ڕایگەیاند کە تاقیکردنەوەکە جێگای مەترسی نییە.

دوایین تاقیکردنەوەی کۆریای باکوور لە 30ی مانگی یەکدا بوو کە تێیدا موشەکێکی بالستیکی مەودای مامناوەندی هواسونگ-12ی هەڵدابوو.

گەورەترین تاقیکردنەوەی مووشەکی کوریای باکوور لە ساڵی 2017ەوە، هۆاسۆنگ-12 بوو، کە لە بەرزایی نزیکەی 2,000 کیلۆمەتر و مەودای 800 کیلۆمەتر هەڵدرابوو.

هەڵدانەکەی ڕۆژی یەکشەممە کەمتر لە دوو هەفتە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور ئەنجامدراوە کە بڕیارە لە 9 ی مانگی 3دا بەڕێوەبچێت.

هەندێک لە کاربەدەستانی سیئۆل و تۆکیۆ نیگەرانن سەبارەت بەوەی لە کاتێکدا سەرنجی جیهان لەسەر قەیرانی ئۆکرانیایە، پیونگ یانگ لەوانەیە بەردەوام بێت لەگەشدان بە چەکە مووشەکیەکانی.

کیشی گوتیشی "ئەم هێرشە لە کاتێکدا دێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی وەڵامدانەوەی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیایە و ئەگەر کۆریای باکوور ئەو دۆخە بەکار بهێنێت ئەوە شتێکە کە ئێمە ناتوانین تەحەممولی بکەین".

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی شینی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆریای باشوور کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو هەڵدانە ئەنجامداوە، و ڕایگەیاندوە کە هەڵدانەکە جێگای داخ وشەرمەزارییە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "هەڵدانی موشەکی بالستیک لە کاتێکدا کە جیهان هەوڵ دەدات بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ئۆکرانیا، هەرگیز بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا و لە ناوچەکە و لە نیمچە دوورگەی کۆریادا جێگای پەسەند نییە".

کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور پێشتر ڕایگەیاندبوو چیتر پابەند نامێنێت بە وەستاندنی تاقیکردنەوەکان کە بریتی بوو لە ڕاگرتنی تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی کە لە ساڵی 2018دا، لە کاتی هەوڵە دیبلوماسییەکاندا وکۆبونەوەی لوتکەیی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو.

دەسەڵاتدارانی کۆریای باکوور ڕایانگەیاندوە کە دەشێت تاقیکردنەوەکانیان دەستپێبکەنەوە چونکە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ نیشانەیەکیان بۆ بەلاوەخستنی 'سیاسەتە نەیارەکانیان' پیشان نەداوە .

XS
SM
MD
LG