Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ڕەوشی ئۆکرانیا کۆدەبنەوە


دیبلۆماتکارەکان ڕایانگەیاند، بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە دەنگ بدەن بۆ داواکردنی دانیشتنی تایبەت بەناکاوی 193 ی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەبچێت.

دەنگدانەکەی کە لەلایەن ئەنجومەنی 15 ئەندامەوە بەڕێوەدەبرێت، پرۆسەیەکە کە هیچ یەک لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەن کە بریتین لە ڕوسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا، ناتوانن ڤیتۆکانیان بەکاربێنن. دیپلۆماتان وتیان ئەم هەنگاوە پێویستی بە نۆ دەنگ هەیە، و پێدەچێت سەربگرێت.

شایانی باسە، تەنها ١٠ دانیشتنی تایبەتی لەناکاوی ئەنجومەنی گشتی لە وەتای ساڵی ١٩٥٠وە ئەنجامدراوە. داواکاری بۆ دانیشتنێک لەسەر ئۆکرانیا دوای ئەوە دێت کە ڕووسیا لە ڕۆژی هەینیدا ڕەشنووسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆکرد کە هێرشەکەی مۆسکۆ ئیدانە دەکات. چین و هندستان و ئیمارات بێ دەنگ بوون، لە کاتێکدا کە 11 ئەندامەکەی مابوونەوە ، لە بەرژەوەندی ڕەشنووسەکە دەنگیاندا.

دیبلۆماتکارەکان ڕایانگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنی گشتی دەنگ لەسەر بڕیارێکی هاوشێوە بدات دوای چەند ڕۆژێک لە لێدوانەکانی وڵاتان لە دانیشتنی تایبەتدا. بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی گشتی مەرج نییە جێبەجێبکرێن، بەڵام قورسایی سیاسی هەیە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە دوای بەدەستهێنانی پشتگیریدان، بۆ ئەوەی پیشانی ڕووسیا بدەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیرکراوە.

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی 3ی ساڵی 2014دا دوای لکاندنی ڕووسیا بۆ هەرێمی کریمیای ئۆکرانیا بڕیارێکی پەسەند کرد. بڕیارەکە ڕیفراندۆمێکی لەسەر باری کریمیا بە نادروست ڕاگەیاند، کە 100 دەنگی بەڵێ و 11 دەنگ لە دژی درابوو، بیست وڵات دەنگیان نەدا، و 58 وڵاتیش بێ دەنگ بوون.

XS
SM
MD
LG