Accessibility links

تورکیا داگیرکاری ڕووسیا بە "شەڕ" ناودێر دەکات


تورکیا ڕۆژی یەکشەممە لە شێوازێکی دەربڕینی جیاوازدا، داگیرکردنی ئۆکرانیای لەلایەن ڕووسیاوە بە "شەڕ" ناوبرد، کە ئەمەش دەتوانێت ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ ئەو وڵاتەی ئەندامی ناتۆ لە دەرکردنی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سنووردارکردنی هاتوچووی هێزی دەریایی ڕووسیا لە دەریای ڕەشدا.

بە پێی پەیماننامەی مۆنترۆی ساڵی 1936دا، تورکیا دەسەڵاتی بەسەر دەردانێڵس و بۆسفۆرسدا هەیە کە دەریای سپی و دەریای ڕەش پێکەوە دەبەستێتەوە، و دەتوانێت لە کاتی جەنگ یان مەترسیدا، تێپەڕبوونی کەشتی جەنگی سنوردار بکات.

تورکیا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیدا سەبارەت بە ڕۆژئاوا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا، پێشتر تەنیا ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکەی ڕووسیای قبوڵ نییە، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە دەربڕینەکەی گۆڕی و داگیرکاری ڕووسیای بە جەنگ ناودێر کرد.

ئیبراهیم کالین، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لە تویتەر گوتی "لە ڕۆژی چوارەمی شەڕی ئۆکرانیادا، ئێمە داواکەی سەرۆک ئەردۆغان دووبارە دەکەینەوە بۆ وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکانی ڕووسیا و دەستپێکردنی دانوستان بۆ ئاگربەست".

فەخرئەلدین ئاڵتون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی تورکیا گوتی" ئێمە شاهیدی شەڕێکی دیکەین لە هەرێمەکەماندا" و پێشنیارەکەی ئەردۆغانی بۆ نێونەندگیری دووپات کردەوە.

کیێڤ داوای لە ئەنکەرە کردووە کە ڕێگە لە هەر کەشتییەکی جەنگی ڕووسیا بەرەو دەریای ڕەش بگرێت، ئەو جێگایەی کە مۆسکۆ یەکێک لە پەلامارەکانی لە کەناری باشووری ئۆکرانیا دەستپێکردووە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ڕووسیا مافی ئەوەی هەیە لەژێر دەسەڵاتی مۆنترۆدا کەشتییەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ بنکەکەیان و گوتی ئەمەش دەتوانێت هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسەتی تورکیا سنوردار بکات.

تورکیا پەیوەندی باشی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیادا هەیە، و هەر هەنگاوێکی ئەو وڵاتە لە دژی مۆسکۆ دەتوانێت زیان بە وزەی و هاوردەی کاڵا و کەرتی گەشتیاریی تورکیا بگەیەنێت، ئەمەش لە کاتێکدا کە نێوخۆی ئەو وڵاتە تووشی قەیرانی ئابووری بووەتەوە.


XS
SM
MD
LG