Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا دەچنە ناو دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیاوە


ئۆتۆمبێلە سەربازییە تێکشکاوەکان لەسەر ڕێگایەک لە خارکیڤ

ماشێنە سەربازییەکانی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە خۆیان کرد بە ناو دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیادا، هاوکاتی ئەوەی تەقینەوەکان لە دامەزراوەکانی نەوت و گاز دەبیسترا، لە ڕۆژی چوارەمی شەڕدا، لە گەورەترین هێرش بۆ سەر وڵاتێکی ئەوروپا لەوەتای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

شایەتحاڵەکان وتیان، سەرباز و زرێپۆشەکانی ڕووسیا لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی خارکیڤ بینراون، و تانکێکی سووتاو دەبینرا لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن حکومەتەوە بڵاوکراوەتەوە.

ئاژانسی میدیای فەرمی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، سوپای ڕووسیا بەرەبەیان بۆرییەکی گازی سروشتیان لە خارکیڤ تەقاندەوە، و لە دەرئەنجامدا چەڕە دۆکەڵی ڕەش ئاسمانی شارەکەی گرتەوە.

ئۆلێ سینگوبۆڤ، پارێزگاری هەرێمی وتی: "ئۆتۆمبێلەکانی ڕووسیای دوژمن گەیشتنە ناو خارکیڤ، و لەناو سەنتەری شارەکەن" . گوتیشی "هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا دوژمن تێکدەشکێنن، و داوا لە هاوڵاتیان دەکەین کە نەچنە دەرەوە".

جێی باسە لە بەرامبەر ئەم هێرشەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژی شەممەدا هەوڵیاندا ئابووری و سیستمە بانکییەکانی ڕووسیا بکەنە ئامانج، ئەوەش لەڕێی دەرکردنی ڕووسیاوە لە سیستمی سویفتی نێودەوڵەتی کە تۆڕێکی نێودەوڵەتی خێرا و پارێزراوە بۆ گواستنەوەی پارە و زانیارییە بانکیەکان لەنێوان بانکەکانی سەرانسەری جیهاندا.

بڕیارەکە بۆ دەرکردنی دامەزراوە ڕووسییەکان لە سیستمی سویفتی نێودەوڵەتی، بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ کۆمسیۆنی ئەوروپا و بەڕیتانیا و کەنەدا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا. لە بەیاننامەیەکدا وتیان " لیستی سزاکان مەبەست لێی ئەوەیە ڕووسیا بە بەرپرس دابندرێت و بە کۆمەڵ دڵنیا ببینەوە لەوەی ئەم جەنگە شکستێکی ستراتیژی دەبێت بۆ پوتن."

XS
SM
MD
LG