Accessibility links

تورکیا داوا لە ڕووسیا دەکات کۆتایی بە هێرشەکانی دژ بە ئۆکرانیا بهێنێت


سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا دەڵێت وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو ڕۆژی شەممە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە سەرگێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کردووە کۆتایی بهێنن بە هێرشە سەربازییەکەیان بۆ سەر ئۆکرانیا.

ئانکەرە بەر بەردەوامی گوتویەتی داگیرکاری ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا جێگای "قبوڵکردن نییە".

سەرچاوەکەی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت گوتیشی چاوشئۆغڵو بە لاڤرۆڤی گوتووە زیادبوونی ئاڵۆزی لەشکری لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە.

تورکیا پێشنیازی ناوبژیوانی لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کردووە.

سەرچاوەکە ڕایشیگەیاندووە چاوشئۆغڵو ئامادەیی تورکیایی دووپاتکردووەتەوە بۆ " میوانداری کردنی وتووێژ لە نێوان فیدراسیۆنی ڕووسیا و ئۆکرانیا."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدمیر زیڵێنسکی ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا سوپاسی سەرۆکی تورکیا و خەڵکی تورکیای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان " سوپاسی هاوڕێم سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان و خەڵکی تورکیا دەکەم بۆ هاوکارییە بەهێزەکانیان. قەدەغەکردنی تێپەڕبوونی کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا بۆ دەریای ڕەش و پشتیوانی بەرچاوی لەشکری و مرۆیی بۆ ئۆکرانیا لەمڕۆدا زۆر گرنگە. گەلی ئۆکرانیا هەرگیز ئەمەی لە یاد ناچێت."

تورکیا خۆی لە کردەوەیەکی هاوسەنگدا لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا دەبینێت کە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵیدا هەیە و ئانکەرە زۆر پشت بە ڕوسیا دەبەستێت بۆ دابینکردنی وزە

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG