Accessibility links

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی: ئەو بازرگانانەی وەکیلی کاڵا و شمەکە ئۆکرانیەکان بوون لە هەرێم زەرەرمەند دەبن


سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاشکرایدەکات، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک شمەک و کاڵای ئۆکرانیان تێدایە، کە ئەو شمەکانە لە ڕێگەی تورکیاوە و بەدەروازەی ئیبراهیم خەلیل دا دەهێنرانە هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ئەو بازرگانانەی وەکیلی کاڵا و شمەکە ئۆکرانیەکان بوون لە هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، دەڵێت"دوو وەکالەتی شەربەتی ئۆکرانی لە هەرێم بوونیان هەیە، شەربەتی فرێش، پاککەرەوە، ئەندۆمی و باقلەمەنیەکان، هەروەها کۆمەڵێک شمەکی تر لە ئۆکرانیاوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستان."

گوتیشی"شەربەت جۆری تری زۆرە جگە لە ئۆکرانیەکە، بۆیە کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی هەرێم نابێت."

دەربارەی ئەوەی هێرشی ئۆکرانیا تاچەند کاریگەری هەیە لەسەر نرخی شمەکە ئۆکرانیەکانی نێو بازاڕەکانی هەرێم، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕەتیکردەوە کاریگەری زۆری هەبێت، وتی"تورکیا، ئێران، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەوانە دەبنە بەدیلی ئۆکرانیا بۆ هەرێم، بەڵام ئەو بازرگانانە زەرەردەکەن کە وەکیلی کاڵاو شمەکی ئۆکرانین."

سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژەی بەو ڕێڕەوە بازرگانیەش کرد، کە پێشتر لێوەی کاڵا و شمەکی ئۆکرانی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرا، وتی"نزیکترین خاڵی ئۆکرانیا بۆ هەرێم تورکیایە، کاڵاو شمەکەکان دەهێنرانە تورکیا و لەوێشەوە بۆ هەرێم هاوردە دەکران."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، ڕوونیکردەوە زانیاریەکی ئەوتۆی لە بارەی قەبارەی بازرگانی نێوان ئۆکرانیا و هەرێمی کوردستان لانیە، بەڵام هەندێک لەو خۆراکانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدان ئۆکرانین.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:02:25 0:00

XS
SM
MD
LG