Accessibility links

جۆو بایدن یەکەم ژنی ڕەشپێست بۆ دادگای باڵای ئەمەریکا دەستنیشان دەکات


سەرۆک جۆ بایدن لە وتارێکیدا ئەمڕۆ هەینی کەتانجی براون جاکسنی بۆ دادگای باڵای ئەمەریکا دەستنیشان کرد. ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە خانم جاکسن دەبێت بە یەکەم دادوەری ژنی ڕەشپێست لە دادگای باڵای ئەمەریکادا.

جاکسن لە ساڵی 2013 بۆ دادگای فێدراڵی دەستنیشان کرا، و لە ساڵی ڕابردووش کاتێک بەرزکرایەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی دی سی لەلایەن سێ سیناتۆری کۆماریەوە پشتیوانی لێکرا. ئەو هەنگاوەش وەک زەمینەیەک بوو بۆ دەستنیشان کردنی بۆ دادگای باڵا.

پاش دەستنیشان کردنەکەی لەلایەن سەرۆک بایدنەوە جاکسن لە وتاری پەسەندکردنی دەستنیشان کردنەکەیدا گوتی " بە هەڵکەوت، ڕۆژی لە دایکبوونم هەمان ڕۆژی لەدایکبوونی یەکەم ژنی ڕەشپێشتە کە دەستنیشان کرا بۆ دادوەری دادگایەکی فێدراڵی، ئەوەیش ڕێزدار کۆنستنس بەیکەر ماتلی بوو."

گوتیشی " ئێمە ڕێک 49 ساڵ تەمەن لە نێوانماندایە. ئەمڕۆ من بە شانازییەوە شانەشانی دادوەر ماتلی ڕادەوەستم کە نەک تەنها ڕۆژی بوونمان هاوبەشە، بەڵکو پابەندبوونە خۆڕاگر و بوێرەکەی بۆ یەکسانی دادپەروەری بەپێی یاساشی."

لە کاتێکدا دادوەرێکی لیبراڵ جێگای یەکێکی تر دەگرێتەوە ئەم ڕاگەیاندنە بالانسی ئایدۆلۆژیا لە دادگای باڵادا ناگۆڕێت بەڵام شتێکی گرنگە بۆ کەسایەتی و سیاسەتی بایدن.

کاربەدەستانی کۆشکی سپی هیوادارن ئەمە ببێتە هەواڵێكی پۆستیڤ چەند ڕۆژێک بەر لە یەکەم وتاری ساڵانەی بایدن لەسەر ڕەوشی وڵات.

سەرۆک بایدن لە میانەی ڕاگەیاندنی دەستنیشان کردنەکەدا گوتی " زۆر لەمێژە حکومەتەکەمان، دادگاکانمان وەک هاوشێوەی ئەمەریکا نەبوون." گوتیشی " لەو بڕوایەدام کاتی ئەوە هاتووە کە دادگایەکمان هەبێت ڕەنگدانەوەی تەواوی بەهرە و گەورەیی گەلەکەمان بێت بە پاڵێوراوێکی لەڕادەبەدەر لێهاتوو کە هیوابەخشبێت بۆ هەموو گەنجەکان کە بڕوابکەن ڕۆژێک بتوانن لە بەرزترین ئاستدا خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن."

XS
SM
MD
LG